ڤه‌دیم مه‌كه‌رێنكه: عێراق له دۆخێكی سه‌ختدایه
K24 - هەولێر:
چاودێرێكی سیاسی رووسی ئاماژه به‌وه ده‌كات، عێراق له دۆخێكی سه‌ختدایه. ده‌شڵێت، ئه‌مه‌ریكا نیازیه‌تی ئێرانیش به هه‌مان دۆخدا ببات.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 31ـی كانوونی دووه‌می 2024) ڤه‌دیم مه‌كه‌رێنكه، چاودێری سیاسی رووسی تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، رووسیا به روونی هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ربڕیوه و مه‌به‌ستیه‌تی گرژی و ئاڵۆزی و ململانێكان چاره‌سه‌ر بكرێن.
ڤه‌دیم مه‌كه‌رێنكه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا به پێچه‌وانه‌ی رووسیا، به ته‌نیا ده‌یه‌وێت سوود له‌و دۆخه ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ببینێت.
ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، دۆخی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به ئاسانی چاره‌سه‌ر نابێت، به‌تایبه‌ت كه ئیسرائیل، فه‌ڵه‌ستین، عێراق و سووریا له بارودۆخێكی سه‌ختدان و پڕن له كێشه، هاوكات ئه‌مه‌ریكا نیازیه‌تی ئێرانیش به هه‌مان دۆخدا ببات.
هه‌روه‌ها پێی وابوو كه وڵاتانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆیان له رووسیا نزیك بكه‌نه‌وه، چونكه به گوته‌ی ئه‌و پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ریكا مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و ئاڵۆزییه‌كانه.