نه‌جوا حه‌مید كاكه‌یی: هەوڵەکانی دژایەتیکردنی ئاڵای کوردستانمان له‌ كه‌ركووك لەناوبرد

نه‌جوا حه‌مید كاكه‌یی و ئیبراهیم نامس ئه‌لجبووری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق
نه‌جوا حه‌مید كاكه‌یی و ئیبراهیم نامس ئه‌لجبووری وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی عێراق

K24- هه‌ولێر:

نه‌جوا حه‌مید كاكه‌یی په‌رله‌مانتاری كورد له‌ به‌غدا، وێنه‌ی خۆی و وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی فێدراڵی له‌ فه‌یسبووكی خۆی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "دوای ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی كه‌ركووك بڕیاری لابردنی ئاڵای كوردستان له‌سه‌ر قوتابخانه‌كانی ئه‌و شاره‌ ده‌ركرد، پەیوەندیمان بە جەنابی وەزیری پەروەردەی عێراقەوە کرد و به‌ سوپاسه‌وه‌ بریاره‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌".

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، نه‌جوا حه‌مید كاكه‌یی په‌رله‌مانتاری كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق نووسیوویه‌تی:  "دوای ئەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکووک بڕیاریدا تەنیا ئاڵای عێراق لەسەر قوتابخانەکانی کەرکووک بەرزبکرێتەوە، پەیوەندیمان بە جەنابی وەزیری پەروەردەی عێراقەوە کرد و بەڕێزیان بە سوپاسەوە رێزی لە داواکەمان و لە ئاڵای پیرۆزی کوردستان گرت و رەزامەندی دەربڕی لەسەر دووبارە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر باڵه‌خانه‌ی قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک".

كاكه‌یی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین داکۆکی لە مافە نەتەوەییەکانمان بكه‌ین، لە سەرووی هەموویانەوە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، تاکو هەمیشە لە شاری کەرکووک رەمزی کوردایەتی شه‌كاوه‌ بێت".

دواجار ده‌ڵێت: "هەوڵەکانی دژایەتیکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستانمان لەناوبرد و دووبارە ئاڵای كوردستان لەسەر قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی له‌ كه‌ركووك دەشەکێتەوە".