رۆیتەرز: حزبوڵڵای عێراق لە ژێر فشاری ئێران و دەسەڵاتدارانی شیعە هێرشەکانیان راگرتووە

K24 - هەولێر
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، چەکدارە میلیشیاکانی حزبوڵڵای عێراق لە ژێر فشاری ئێران و حزبە دەسەڵاتدارەکانی عێراق ناچاربوون هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا رابگرن.
ئاژانسەکە بڵاویکردووتەوە، کەسایەتییەکی سیاسیی شیعە، بەرپرسێکی عێراقی و کەسایەتییەکی دیکە لەم دوو سێ رۆژەی رابردوو لەگەڵ گرووپە میلیشیا توندڕەوەکانی عێراق دیدارو گفتوگۆیان هەبووە و بە رۆیتەرزیان رایگەیاندووە، کوشتنی سەربازانی ئەمەریکی لە خاکی ئوردن و وڵاتێکی عەرەبیی و دراوسێ و هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمەریکا بەزاندنی هێڵی سوورە.
بەگوتەی سەرچاوەکان، تاران ترسی لە وەڵامدانەوەی توندی ئەمەریکا هەیە، هەر ئەمەش هۆکار بووە راستەوخۆ رابگەیەنێت هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشە درۆنییەکەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا نییە لە بنکەی تاوەر 22 لە سەر سنووری ئوردن – سووریا، پەیامی تایبەتیشی بۆ حزبوڵڵای عێراق ناردووە تاوەکوو هێرشەکانی رابگرێت، هەروەها حزبە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراقیش نێوەندگیریان کردووە بۆ ئەوەی حزبوڵڵا کۆتایی بەهێرشەکانی بێنێت.
هەروەها کەسایەتییەکی سیاسی شیعە ئاماژەیداوە، فشارە ناوخۆییەکان و ئێرانی دراوسێ بۆ رێگرییە لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان.
سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، ئەمەی کراوە هەوڵێکی بەکۆمەڵە بە بەشداری وڵاتێکی دراوسێ، کە تەواوی گرووپە میلیشیاکان رێککەوتوون پابەندی راگرتنی هێرشەکانیان بن، بەڵام ئەگەر ئەمەریکا وەڵامی هێرشەکەی سەر هێزەکانی لە ئوردن بداتەوە، دوور نییە گرووپەکان هێرشەکانیان دەست پێبکەنەوە، بۆیە ئەگەر ئەمەریکا لە رۆژانی داهاتوودا وەڵامدانەوەی توندی هەبێت، ئەوا دۆخەکە دەگۆڕێت.
هەروەها جۆن كێربی، گوتهبێژی ئهنجوومهنی ئاسایشی نیشتمانی ئهمهریكا له كۆشكی سپی له كۆنگرهیهكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، هێرشی سهر هێزهكانی ئهمهریكا له ئوردن لهلایهن گرووپی میلیشیای"موقاوهمهی ئیسلامی له عێراق" پلانی بۆ داڕژراوه.
رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە لهسهر سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.
ئهو بنكه سهربازییانەی ئهمهریكا كه هێرشیكراوهتهسهر، دهكهوێته سێگۆشهی سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن و لە شەڕی داعش رۆڵێکی کارا و کاریگەرییان هەبووە لە تێکشکاندنی چەکدارەکانی ئەو گرووپە و ئازادکردنی ناوچەکانی عێراق و سووریا، کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون.