وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی میلیشیاکان بکات

ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریک
ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریک

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، لە وەڵامدانەوەی گرووپە چەکدارەکان دوودڵ نابن. گوتیشی: پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی میلیشیاکان بکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی شووباتی 2024) ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ناچمە ناو وردەكانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵام بەروونی ئەوەمان پێگوتوون چەند مانگێك پێش هێرشەكانی كۆتایی هەفتەی رابردوو، پێمانراگەیاندوون كە دەمانەوێت حكومەتی عێراق هەوڵی زیاتر بدات لە پاراستنی هێزەكانمان و ئەنجامدەرانی هێرشەكان بەبەرپرسیار بزانێت، ئەگەرنا هیچكات دوو دڵنابین لەوەی بەرگری لە خۆمان بكەین.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەڵێت: پێش هێرشەكەی كۆتایی هەفتەی رابردوو ئەوە پەیامی ئێمە بووە و ئێستا هەمان پەیاممان هەیە، پێشتر لە ناو عێراق هێرشمانكردووەتە سەر میلیشیاكان و بۆ پاراستنی خۆمان دوودڵنابین بەردەوام دەبێن لە هێرشكردنەسەریان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (1ـی شووباتـی 2024) لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران سەقامگیری ناوچەکەیان تێکداوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، سەرۆکی ئەمریکا و هەروەها خۆشم لە هێرشکردنە سەر سەربازانی وڵاتەکەمان خۆشنابین و هاوکارانمان لە لەلایەن گرووپە چەکدارە توندڕەوەکانی سەر بە ئێران کە لە سووریا چالاکی دەکەن کوژران.

باسی لەوەشکرد، دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی پشتیوانکراو و پارەدارکراو لەلایەن ئێران هەوڵیانداوە زیاتر سەقامگیری تێکبدەن، وەک حووسییەکان کە هێرش دەکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئەمە ساتێکی مەترسیدارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لۆید ئۆستن، ئەوەشی خستەڕوو، کار دەکەین بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە، بەڵام هەموو رێکارێکی پێویست بۆ بەرگریکردن لە ئەمریکا، بەرژەوەندییەکانمان و خەڵکانمان دەگرینەبەر.