بانکی نێودەوڵەتی: خانووی یەک ملیۆن کەس لەغەززە بەتەواوی وێرانبووە
K24 - هەولێر:
بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێک‌دا راگەیاندووە، خانووی یەک ملیۆن کەس لەغەززە بەتەواوی وێرانبووە.
بانکی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی دەبارەی زیانە مادییەکانی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕی ئیسرائیلەوە بڵاوکردووەتەوە و باسی لەوەکردووە، %45 ژێرخانەکانی غەززە وێرانبوون، بەجۆرێک سوپای ئیسرائیل جگە لەبۆردوومانی ئاسمانی لەرێگەی بۆمب و تەقینەوەوە تەواوی خانووەکانی ناوچەی خان یونسی وێرانکردووە.
بانکی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، 34 هەزار خانوو بەتەواوی لەگەڕەکی حەی زەهرا وێرانبوون، سەرباری وێرانبوونی 55 هەزار خانووی دیکەی بەشێوەی رێژەیی.
لەلایەکی دیکەوە وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كه‌رتی غه‌ززه له فه‌ڵه‌ستین رایگەیاند، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل گه‌یشتووه‌ته 26637 كه‌س و هه‌روه‌ها ژماره‌ی بریندارانیش گه‌یشتووه‌ته 65387 كه‌س، كه زۆربه‌یان له ریزی ژنان و منداڵانن.
ته‌ندروستی غه‌ززه له میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوو، 215 كه‌س له غه‌ززه به‌هۆی هێرشه‌كانی ئیسرائیل كوژراون.
لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 بارمتەش دەستبەسەرکران کە تاكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.
هەریەك لە ئەمه‌ریكا، كەنەدا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و فینلەند هاوكارییە داراییەكانیان بۆ ئاژانسی كار و هاوكاری ئاوارە فەڵەستینیەكان راگرتووە.
هۆكاری راگرتنی هاوكارییەكان، بەشداریكردنی ژمارەیەك لەو هاووڵاتیە فەڵەستینیانەیە لە هێرشەكەی 7ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووی سەر ئیسرائیل.