ئەمەریکا ژمارەیەك کۆمپانیا لە ئێران و هۆنگ کۆنگ سزا دەدات

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ژمارەیەك کۆمپانیا بە تۆمەتی کڕینی تەکنەلۆژیا و کەرستە بۆ پڕۆگرامی مووشەکی و درۆنی ئێران سزا دەدات.

ئەمڕۆ هەینی (2ـی شوباتی 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، تۆڕێکی کڕینی تەکنەلۆژیا و کەرستەی هەستیار بۆ پڕۆگرامی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران خراونەتە لیستی سزاکانەوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدا، تۆڕەکە لە چوار دامەزراوە پێکهاتووە و دامەزراوەکان لە هۆنگ کۆنگ و ئێران بوونە.

گەنجینەی ئەمەریکا، ئاشکراشی دەکات، دامەزراوەیەکی دیکەش لە هۆنگ کۆنگ سزادراوە بە تۆمەتی ئەوەی کاڵای ئێرانی فرۆشتووە و سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ سوپای پاسداران کۆکردووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدا رۆژی چوارشەممە (31ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەت گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر سێ دامەزراوە و کەسایەتی لە تورکیا و لوبنان سەپاند کە تۆمەتباری کردوون بە فرۆشتنی کاڵا بۆ پارەدارکردنی سوپای پاسداران و حزبوڵڵا.

گەنجینەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراوەکان و حکومەتی سووریا بە فرۆشتنی کاڵای ئێرانی سەدان ملیۆن دۆلارییان دەستکەوتووە و فرۆشتنی ئەو کاڵایانە بووەتە سەرچاوەی داهاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، حزبوڵڵا و  گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکەدا.

وەزارەتەکە دووپاتیشی دەکاتەوە، رێگری دەکەن لە قۆستنەوەی سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی لەلایەن سوپای پاسداران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو سوپایە، کە سیستەمەکە بۆ تێکدانی سەقامگیری بەکاریدەهێنن.

پێشتریش وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فڵای بەغدا سەپاند.

هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزای بەسەر حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی ماف لە پەرلەمانی عێراقیشدا سەپاند کە تۆمەتباری کردبوو بەوەی کەلوپەلی بۆ سوپای پاسداران گواستووەتەوە.

وەزارەتەکە جەختی لەوەشکردەوە، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە راگرتنی چالاکییە نایاساییەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لەو وڵاتە کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە.

Fly Erbil Advertisment