جەستن تۆماس: پێویستە کۆتایی بە توانای میلیشیاکانی سەر بە ئێران بهێندرێت

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی
جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – واشنتن:

شرۆڤەکارێکی سیاسی: بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەو وڵاتە دەبێت شوێنێک بۆ دروستبوونی میلیشیای زیاتر، لەو بڕوایەدانیم لە ئێستادا ئەو کارە رووبدات.

جەستن تۆماس، شرۆڤەکاری سیاسی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا خەریکی ئامادەکاری و پلاندانەن بۆ ئەوەی هێرش بکاتە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە، بە دیاریکراوی حزبوڵڵا و حووسییەکان، هەروەها دەبێت توانا بەرگرییەکانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران تێکبشکێندرێن بۆ ئەوەی ئەمەش ببێتە پەیامێک بۆ ئێران.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە دەڵێت: سەرنجی ئەمەریکا زیاتر لەسەر ئەوەیە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوای عێراق، رۆژهەڵاتی سووریا و رۆژهەڵاتی یەمەن، چونکە میلیشیاکانی ئێران لەوێدا هەن، ئێرانییەکان دەڵێن پەیوەندیمان بە هێرشەکەی ئوردن نەبووە، بەڵام ئەمە زۆر بێ مانایە بەهۆی ئەوەی ئەو هێرشانە بە درۆنەکانی ئەوان ئەنجامدراوە.

جەستن تۆماس، لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، گوتی: بەهۆی ئەو هێرشانەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بۆ بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر سەخت بووە لە کاتێکی وەک ئێستا عێراقییەکان بە ئەمەریکا بڵێن لە وڵاتەکە بکشێتەوە، ئەمەریکا زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان کاری کردووە، بە کشانەوەی ئەمەریکا مەترسی لەسەر عێراق دروست دەبێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، گوتیشی: بە کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق، ئەو وڵاتە دەبێت شوێنێک بۆ دروستبوونی میلیشیای زیاتر، لەو بڕوایەدانیم لە ئێستادا ئەو کارە رووبدات.

Fly Erbil Advertisment