ئەمریکا: هێرشەکان لە عێراق و سووریا لە دژی گرووپە چەکدارەکان دەستیپێکرد

K24 – هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە لە عێراق و سووریا85 ئارمانجیان پێکاوە.


لە راگەیێندراوێکدا دەربارەی هێرشەکانیان سێنتکۆم رایگەیاند: هێزەکانیان لە عێراق و سووریا هێرشی ئاسمانییان دژی سوپای پاسداران ، هێزی قودس و گروپە پاشکۆکانی ئەنجامدا و زیاتر لە 85 ئارمانجمان پێکاوە.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی لە سەرچاو سەربازییەکانی وڵاتەکەی گواستووەتەوە، کە بۆ وەڵامدانەوەی کوژرانی سێ سەربازە ئەمەریکییەکەی ئوردن، هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە سووریا دەستیپێکرد.

هاوكات میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان 10 کەس لە بۆردومانەکە کوژراون و میدیای سووریاش ئاشکرایکردووە، سێ عێراق لە ریزی کوژراوەکاندان.

درەنگانی شەوی هەینی (2ـی شوباتی 2024) روانگەی سووری رایگەیاند، چەند پێگەیەک لە ناوچەکانی حەیدەرییە و شبلی لە دێرزوور و ناوچەکانی نێوان ئەلبوکەمال و مەیادین لە رۆژهەڵاتی سووریا بۆردومانکراون.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە سووریا روونیانکردووەتەوە، کە بۆردومانەکان 12 پێگەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا ئاماری تەواوی کوژراو و برینداران روون نییە.