یەحیا رەسول: هێرشەکانی ئەمەریکا پێشێلکردنی سەروەری عێراقە

K24 – هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا لە قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.
ئەمڕۆ شەممە،3ـی شوباتی 2024، یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمەریکا لە قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە.
بە گوتەی ئەو گوتەبێژە: "شارەکانی قائیم و ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمەریکاوە هێرشی ئاسمانییان کرایە سەر، بەڵام ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە عێراق هەوڵ دەدات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
راشیگەیاند، ئەم هێرشانە پێشێلکردنی سەروەری عێراق و تێکدانی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە. هەروەها هەڕەشە بۆ عێراق و ناوچەکە دروست دەکات و بەرەو دەرئەنجامێکی خراپ رایدەکێشێت، کە لێکەوتەی کارەساتبار بۆ ئاسایش و سەقامگیری عێراق دروست دەکات.
لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، دوو هاووڵاتیی سڤیل لە بۆردوومانەکەی ئەمەریکا بۆسەر شارۆچکەی قائیم له رۆژئاوای ئەنبار گیانیان لەدەستداوە، ئەوەشی پشتراستکردووەتەوە کە ژمارەیەک کوژراو و بریندار هەیە لە ناوچەی سەکەک، بە هۆی کۆگایەیکی چەک و تەقەمەنی لەو ناوچەیە.