بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوایەک لە هاووڵاتیان دەکات

لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
لۆگۆی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاو کردەوە کە داوا لەهاووڵاتیان دەکات ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان.

لە راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێردا هاتووە، ‎ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) و (ئینستاگرام)، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو رەگەزی پیاو و ئافرەت، كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵک، سەرنجی خەڵكی رادەکێشن و کامێرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم رێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.

لەراگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ  هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان ئینستاگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ، پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە رەوان دەکەن یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆییەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە رێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئاگاداری پەیوەندییەكانیان بن لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک نەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێتانەوە كردووە.

Fly Erbil Advertisment