بەرپرسێکی باڵای سوپای عێراق باسی کڕین و فرۆشتنی پۆستە سەربازییەکان دەکات

لیوا حوسێن سعود سوادی، فەرماندەی فیرقەی هەشتی پیادەی سوپای عێراق
لیوا حوسێن سعود سوادی، فەرماندەی فیرقەی هەشتی پیادەی سوپای عێراق

K24 - هەولێر

لە بەرامبەر پێدانی پۆستی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، داوای 250 ملیۆن دینار لە فەرماندەیەکی سوپای عێراق دەکرێت؛ ئەویش رەتیدەکاتەوە بڕە پارەکە بدات و بەهۆیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دژی پێکدەهێندرێت.  

لیوا حوسێن سعوود سوادی، فەرماندەی فیرقەی هەشتی پیادەی سوپای عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کردووە؛ دەڵێت، کاتێک بارەگای فیرقەکەیان لە ناوچەی قائیم بوو، سەرۆک ئەرکانی ئێستای سوپای عێراق سەردانی کردوون و دواتر داوای لێ کردووە بە تەنها لەگەڵی کۆببێتەوە.

فەرماندەی فیرقەی هەشتی پیادەی سوپای عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک چووەتە لای سەرۆک ئەرکانی ئێستای سوپای عێراق، پێی گوتووە، سەرۆک ئەرکان "وەک رێزلێنانێک بۆ هەوڵ و کۆششەکانت، دوای 10 رۆژی دیکە فەرمانێکت بۆ دەردەکەم و دەتکەمە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا".

لیوا حوسێن لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "سوپاسی هەڵوێستەکەی و ئەو متمانەییم (سەرۆک ئەرکان) کرد؛ بەڵام پێش ئەوەی بڕۆم، ڕاشکاوانە گوتی، ئەبو عەلی ئەمە بە پارەیە. پێم گوت، ببوورە گەورەم، چۆن بە پارەیە؟ گوتی، دەبێت 250 ملیۆن دینار بە کاش پێم بدەیت و دەبێت 250 ملیۆن دیناری دیکەش مانگانە پێم بدەیت. بە ڕاستی تووشی شۆک بووم، پێم گوت، 250 ملیۆن دیناری چی؟".

وەکو ئەوەی لیوا حوسێن ئاماژەی پێ داوە، بە سەرۆک ئەرکانی گوتووە، "پێشتر چەندین بەرپرسیارێتیی سەربازیم لەنێو سوپای عێراق وەرگرتووە و هەرگیز کەس داوای پارەی لێ نەکردووم بۆ ئەوەی پۆستێکی نوێ وەربگرم، چۆنە ئێستا داوای پارە دەکەن؟ ئەو داوایەییم رەتکردەوە و پێم گوت، داوای لێبووردن دەکەم، من لە بەرامبەر وەگرتنی پۆستێکی سەربازی، ئەم بڕە پارە زۆرە نادەم. سوپاسیم کرد، سڵاوی سەربازیم بۆ کرد و دواتر ڕۆیشم".

ئەو فەرماندە سەربازییەی سوپای عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خسەڕوو، چەند رۆژێک دواتر، سەرۆک ئەرکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دژی پێکهێناوە و بە سەرۆک لیژنەکەی گوتووە، پێویستە راپۆرتێکی نەرێنی لە دژی بنووسێت تاوەکو ببێتە پاساوێک بۆی، بۆ ئەوەی "بۆ ئومرە (وەک فەرمانگەیەکی خانەنشینییە) بمگوازێتەوە و ئەو کارەی لەگەڵ کردم".

ئەم گرتە ڤیدیۆییە هەرچەندە دوو رۆژە بڵاوبووتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگریی عێراق هیچ رێکارێکی نەگرتووەبەر و وەڵامی پەیامی ئەو فەرماندە سەربازییەی نەداوەتەوە. کوردستان24 پەیوندی بە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە کرد، بەڵام ئامادەنەبوون لەبارەی بابەتەکەوە هیچ لێدوانێک بدەن.

 

 

Fly Erbil Advertisment