سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا: سنووره‌كان به‌ رووی رووسیادا ناكه‌ینه‌وه‌

پێترۆ ئۆربۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی فیندله‌ندا
پێترۆ ئۆربۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی فیندله‌ندا

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا رایده‌گه‌یه‌نێت، سنووری وڵاته‌كه‌ی به‌ رووی رووسیادا ناكاته‌وه‌.

پێترۆ ئۆربۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌هۆی بوونی كۆچبه‌رێكی نایاسایی زۆر له‌ به‌ری رۆژهه‌ڵاته‌وه‌، فینله‌ندا سنووری خۆی به‌ رووی رووسیادا ناكاته‌وه‌.

پێترۆ ده‌شڵێت: "كۆچبه‌رێكی نایاسایی زۆر له‌و دیوی سنوور له‌ به‌ری رووسیاوه‌ هه‌ن، بۆیه‌ له‌م كاته‌دا ناتوانین سنووره‌كان بكه‌ینه‌وه‌".

هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته‌ رێگری له‌ كۆچی نایاسایی بگرین".

سه‌رۆكوه‌زیرانی فینله‌ندا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ دوای هێرشه‌كانی رووسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا، كۆتایی به‌ رێككه‌وتنی ئاڵوگۆڕیی سنووری له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ هێنراوه‌ و گوتی: "رێككه‌وتنه‌كه‌مان هه‌ڵپه‌ساردووه‌ و سنووره‌كان به‌ ته‌واوه‌تی داخراون".

له‌مباره‌یه‌وه‌ش هێنری كیسینجه‌ر، دیپلۆماتكاری خانه‌نشین و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا پێشتریش بۆ گۆڤاری  (زه‌ سپیكتیتۆر) رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر رووسه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت، كۆتایی به‌شه‌ڕ له‌ ئۆكرانیا دێت.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.