عەللاوی داوای پێداچوونەوە بەڕێککەوتنی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات

K24 - هەولێر
ئەیاد عەللاوی سەرۆکی ئیئتلافی نیشتمانی عێراق بۆ دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر گرووپە میلیشیاکانی عێراق، داوای پێداچوونەوە بەرێککەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریکا دەکات و دەڵێ؛ پێویستە تەواوی هێزەکانی عێراق بە پێشمەرگەشەوە بخرێنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری دەوڵەتیش، دەبێت رێسایەکی نوێی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمەریکا بگیرێتەبەر.
ئەیاد عەللاوی سەرۆکی ئیئتلافی نیشتمانی عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی؛ لە ژێر رۆشنایی ئاڵوگۆڕ و دووبارەبوونەوەی هێرشەکان و بەردەوامی پێشێلکردنی سەروەری عێراق، ئەوەی تا ئێستا لە رێککەوتننامەی ستراتیجی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدی دەکەین، تەنیا قسەکردنە و رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆیە داوای پێداچوونەوە بە رێککەوتنەکە دەکەین بۆ دانانی رێسای نوێی مامەڵەکردن، کە سەروەریی بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
عەللاوی پێشنیازی کۆکردنەوەی هێزەکانی عێراقی کردووە و نووسیویەتی؛ بارودۆخی ئێستا پێویستی بە پێکهێنانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانە، کە تەواوی هێزە شەڕکەرەکان لە سوپا، پۆلیس و حەشد و پێشمەرگە لەخۆ بگرێت، هەروەها تەواوی هێزەکان لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکاندان بن و جێگرەکەشی وەزیری بەرگریی بێت.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە (3ی شوباتی 2024) فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا هێرشی سەر گرووپە میلیشیاکانیان کرد و 85 ئامانجیان بۆردومانکرد، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەکی هێرشی درۆنی چەکدارانی حزبوڵڵای عێراق، کە 28ی مانگی رابردوو بە درۆن هێرشیکردە سەر بنکەی تاوەر 22ی سەربازانی ئەمەریکا لە سێگۆشەی سنووری ئوردن – عێراق – سووریا، بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمەریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون.