جووتیارانی گوندی تۆپزاوە داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن
K24 - هەولێر
جووتیارانی گوندی تۆپزاوە داوایەک ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن کە پڕۆژەی زەوییەکان بدرێت بە ئەنجومەنە نوێیەکەی پارێزگای کەرکووک.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی شوباتی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، جووتیارانی گوندی تۆپزاوە رایانگەیاند، داوا لە حکومەتی عێراقی دەکەن ئەو پڕۆژەی کەوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانە بیگەڕێننەوە بۆ ئەو ئەنجومەنە نوێیەی پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەی خوێندنەوە بۆ زەوییەکانیان بکرێت، ئێمەش وەکو جووتیاران و راوێژکار لەم سنوورە ئامادەین بەهەموو شێوەیەک یارمەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بدەین، بۆ ئەوەی بینێرینەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و دەنگی لەسەر بدەن.
جووتیارانی گوندی تۆپزاوە راشیانگەیاند، کێشەیەکەی دیکەمان زەوی موڵکییە کە خاوەن گرێبەستەکان، گرێبەستیان کردووە لەسەردەمی رژێمی پێشوو، ئێستا داوای زەوییەکان دەکرێت و دەسەڵاتیش یارمەتی ئەوان دەدات کە بۆیان تازە بکرێتەوە. دەشڵێن: "باشترین چارەسەر بە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە پێش دەنگدان لەسەر بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچوو، نوێنەرانی کورد و تورکمان هەوڵی ئەوە بدەن دەنگ کۆبکەنەوە پڕۆژەیەک دروست بکەن کە پارە تێیدا پەیدا بکەن، بۆ خاوەن گرێبەستەکان تاوەکو دەست لە زەوییەکانمان هەڵگرن".