رۆژنامەیەک: رێکخراوی قاعیدە هەشت کەمپی مەشق و راهێنانی لە ئەفغانستان کردووەتەوە

چەکدارانی تاڵیبان
چەکدارانی تاڵیبان

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "لۆنگ وور جۆرناڵ" رێکخراوی قاعیدە هەشت کەمپی نوێی مەشق و راهێنان و پێنج قوتابخانەی ئایینی و کۆگای چەک و خانووی سەلامەتی لە ئەفغانستان کردۆتەوە، کە بۆ ئاسانکاریکردنی ئەندامانی رێکخراوەکە بەکاردەهێنرێت بۆ چوونە ئێران و گەڕانەوەیان.

راپۆرتەکە لەلایەن بیل رۆجیۆ، لە دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسی نووسراوە، کەدەڵێت: تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم کەمپە نوێیانەی قاعیدە لە پارێزگاکانی غازنی، لاغمان، پاروان و ئوروزگان هەڵکەوتوون، رەنگە هەندێکیان کاتیی بن، ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندی نێوان تاڵیبان و قاعیدە هێشتا نزیکە.

گوتیشی: ئێستا ئەم رێکخراوە کەمپی مەشق و راهێنان لە 10 پارێزگای ئەفغانستان دەکات، لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، یەکێک لە سەرکردەکانی رێکخراوی قاعیدە کە بە حەکیم ئەلمیسری ناسراوە، "بەرپرسە لە مەشق و راهێنانی کەمپەکان و راهێنان کردن بە چەکدارە خۆکوژەکان بۆ تاڵیبانی پاکستان".

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش باسکراوە، رێکخراوی قاعیدە پێنج قوتابخانەی ئایینی لە ویلایەتەکانی لاغمان، کونار، نەنگەرهار، نورستان و پاروان بەڕێوەدەبات.

بیل رۆجیۆ تیشکی خستە سەر پەیوەندی نێوان قاعیدە و ئێران، بە گرنگیدان بە "خانووە سەلامەتەکان" کە دەکەونە پارێزگاکانی ئەفغانستانی نزیک سنووری ئێران، و جوڵەی سەرکردەکانی رێکخراوەکە لە نێوان هەردوو وڵات.

رۆجیۆ بە پشتبەستن بە راپۆرتی تیمی چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێکخراوی قاعیدە پارێزگاری لە خانووە سەلامەتەکانی دەکات بۆ ئاسانکاری هاتووچۆکردنی ئەندامانی لە نێوان ئەفغانستان و ئێران، لە هەرات و فەرەح و هێلمەند و کابول.

پارێزگاکانی هەرات و فەرەح و هێلمەند دەکەونە سەر سنووری ئێران، هەروەها دەنگۆی ئەوە هەیە کە سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە لەو شوێنانە بن، بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری گەشتی تاکەکانیان کردووە بۆ پەیوەندی نێوان رێبەری قاعیدە لە ئێران، سەیف ئەلعەدل و کەسایەتییە باڵاکانی رێکخراوەکە لە ئەفغانستان، لە نێویاندا "عەبدولرەحمان ئەلغامدی".

رۆجیۆ جەختیکردەوە، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو ئەمەریکا بەڵگەی لەسەر بوونی سەرکردە باڵاکانی قاعیدە لە ئێراندا هەبووە، لە نێو ئەو سەرکردە باڵایانەی کە ناسراون لە ئێران کاردەکەن، بریتین لە عەبدولڕەحمان مەغریبی، یاسین سووری، سەعد بن لادن کە ئێستا کۆچی دوایی کردووە و مستەفا حەمید.