بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری لە قەیرانێکی جیهانی دەدات

K24 - هەولێر

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداری لە قەیرانێکی جیهانی دەدات ئەگەر بێت و هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە بەردەوام بن، راشیگەیاند، قەیرانەکە هاوشێوەی ئەو قەیرانەیە کە جیهان لە سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا تووشی بووە.

بانکی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکیدا سەبارەت بە گۆڕینی رێڕەوی کەشتییەکان لە نۆکەندی سوێس و ترسی قەیرانێکی نوێ لە زنجیرەکانی دابینکردندا، دەشڵێت: لە ماوەیەکی نزیکدا، پیشەسازی کەشتیوانی کۆنتێنەری جیهانی پێدەچێت تووشی ئەو شۆکە بێت، بەهۆی هێرشەکانەوە لە دەریای سوور، ئەمەش بەهۆی لاوازی خواست بەگشتی لە ماوەی مانگی کانوونی دووەم و شوباتدا.

بانکی نێودەوڵەتی هۆشداریدا لە مەترسییەکان ئەگەر هێرشەکان لە مانگەکانی "ئادار و نیساندا" بەردەوام بن، کە ئەو کاتە بازرگانی جیهانی لە بووژانەوەی وەرزیی دایە.

بانکی نێودەوڵەتی راشیگەیاند، بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا بەندەرەکان داخران، هەروەها کەمی کارمەند و کرێکار بووە هۆی ئەوەی کەشتیەکان چەند رۆژێک یان چەند هەفتەیەک چاوەڕێی دابەزاندنی بارەکانیان بکەن لە بەندەرەکاندا.

بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، کۆمپانیا گەورەکانی کەشتیوانی، لەوانەش میرسک و هاپاگ لۆید، بە راگرتنی کارەکانیان لە رێگەی نۆکەندی سوێس بۆ دوورکەوتنەوە لە رێڕەوی دەریای سوور و ئاڕاستەکردنەوەی کەشتییەکان بە رێڕەوێکی دوورتر بەدەوری ئەفریقا، کە مەودای سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 500 میل دەبێت، هەروەها حەفت بۆ 10 رۆژی پیدەچێت بۆ گەشتی کەشتیەکان لە نێوان ئەوروپا و ئاسیا.

بانکی ناوەندی لە راپۆرتەکەیدا هۆشداریداوە کە کۆمپانیای میرسک کرێی ترانزێت زیاد دەکات کە 200 دۆلارە بۆ هەر کۆنتێنەرێکی هاوتا بۆ گرێبەستە ئاساییەکانی گواستنەوە، بۆ گەشتەکانی نێوان رۆژهەڵاتی ئاسیا، باکووری ئەوروپا، دەریای ناوەڕاست و کەناری رۆژهەڵاتی ئەمەریکا.

هەروەها کۆمپانیای کەشتیوانی دەریای ناوەڕاست کە کۆمپانیایەکی دیکەی جیهانی کەشتیوانی کۆنتێنەرە، نرخی رێککاری فریاگوزاری بە بڕی 500 دۆلار بۆ هەر کۆنتێنەرێک لەسەر بارەکانی ئەوروپا بۆ ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەپێنێت.