مەندەلاوی: دەبێت یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا جێبەجێ بکرێت

K24 - هەولێر
موحسن مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، پەرلەمان لە هیچ کەسێک خۆش نابێت، کە خوێنی رۆڵەکانی بڕێژێت، بۆیە دەبێت پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی یاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا.
مەندەلاوی لە شوێنێکی پاشماوەی هێرشەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، پەرلەمانی عێراق لە هیچ کەسێک خۆشنابێت، کە خوێنی رۆڵەکانی بڕێژێت، بۆیە سوورن لە سەر جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دەبێت پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 18ی ساڵی 2020 بۆ دەرکردنی تەواوی هێزە بیانییەکان لە عێراق، چونکە چیتر عێراق پێویستی بە مانەوەی هێزی بیانیی نییە، مانەوەشیان دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و دروستکردنی ململانێی لە ناوخۆی وڵات.
موحسن مەندەلاوی بەیاوەری عەباس زاملی سەرۆک و ژمارەیەک ئەندامی لیژنە ئاسایش و بەرگریی و عەبدولعەزیز محەمەداوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەکاشاتی رۆژئاوای عێراق سەردانی یەكێک لەو شوێنانەیان کرد، کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا شەوی شەممە (3ی شوباتی 2024) بۆردومانیان کرد، وەک تۆڵەسەندنەوەی هێرشە درۆنییەکەی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا ئوردن، بەناوی تاوەر22، کە سێ سەرباز کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برنیداربوون.