دیندار زێباری: وه‌ك پابه‌ندی و راسپارده، پره‌نسیپی پێكه‌وه ژیان له هه‌رێمی كوردستان پارێزراوه

K24 – هەولێر:
تایبه‌ت به پرسی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان، رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ك پابه‌ندی و راسپارده، پره‌نسیپی پێكه‌وه ژیان له هه‌رێمی كوردستان پارێزراوه.
دكتۆر دیندار زێباری رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـی راگه‌یاند، له ده‌ستپێكی هه‌بوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له نۆ كابینه‌ی رابردوو، پرۆسه‌ی پێكه‌وه ژیانمان ده‌ستپێكردووه، كه به‌ستراوه‌ته‌وه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی.
جه‌ختیشیكرده‌وه، وه‌ك كابینه‌ی نۆیه‌م ئه‌و پێكه‌وه ژیانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووه، به‌ره‌و باشترمان بردووه.
زێباری هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، له‌هه‌رێمی كوردستان یاسای ژماره پێنجی ساڵی 2015 بۆ مافی پێكهاته‌كان بوونی هه‌یه و عێراق و ناوچه‌كه یاسای هاوشێوه‌ی نییه.
رێكخه‌ری راسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان راشیگه‌یاند، له‌هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 900 هه‌زار په‌نابه‌ر و ئاواره هه‌ن، كه 600 هه‌زاریان ئاواره‌ی عێراقیین، به پێكهاته‌ی جیاوازه‌وه روویان له هه‌رێمی كوردستان كردووه.
روونیشیكرده‌وه، له دوای ساڵی 2014، 139 هه‌زار له پێكهاته‌ی كریستیان و زیاتر له 250 هه‌زار ئێزدی و 400 هه‌زار په‌نابه‌ری سووریا كه به‌شێكی زۆریان خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بوون، له‌ترسی هێرشه‌كانی چه‌كدارانی داعش روویان له‌هه‌رێمی كوردستان كرد.
ده‌شڵێت: "39 كه‌مپی ئاواره و په‌نابه‌ران له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ن".
گوتیشی: به‌هۆی پاراستنی پره‌نسیپی پێكه‌وه ژیان، بارگرانییه‌كی زۆرمان له ئه‌ستۆگرتووه.