سێنتکۆم: چەند مووشەکێكی دژە کەشتی حووسییەکان تێکشکێندران

K24 - هەولێر
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی چەکدارە حوسییەکان لە یەمەن پێنج مووشەکی جۆری کرووزییان تێکشکاندووە، کە ئامادەکرابوون بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور.
سێنتکۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا مووشەکێکی زەمینی جۆری کرووزی حووسیەکانییان تێکشکاندووە، دوای چەند کاتژمێرێک چوار مووشەکی دیکەی کرووزیان تێکشکاندووە، کە ئامادەکرابوون بۆ هەڵدان هێرشکردنە سەر جووڵەی کەشتییەکانی دەریای سوور.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا جەخت لە پاراستنی رێڕەوی ئاوی بۆ جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان دەکاتەوەو رایگەیاندووە، بۆ بەرگریکردن لەخۆیان و نەهێشتنی هەڕەشە لە سەر ئاسایش و ئازادی دەریاوانی هێرشەکانیان ئەنجامداوە.
جەختیشی کردووەتەوە، کۆتایی بە هەموو هەڕەشە و هێرشێکی حوسییەکان دەهێنن بۆ سەر کەشتیی ئەمەریکیی و کەشتییە بازرگانییەکان لە ناوچەکە
هەروەها دوێنێ یەکشەممە (4ی شوباتی 2024)، هێزی ئاسمانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە پێنج پارێزگای یەمەن لە 13 ناوچە، 36 بنکە و بارەگای چەکدارە حوسییەکانیان کردە ئامانج.
لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بە پێچەوانەشەوە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارانی حوسیی وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس لە دەریای سوور هێرشەکانیان بۆ سەر جووڵەی کەشتییەکان چڕکردەوە و ئەمەریکاش دەڵێ، هێرشی چەکدارە حوسییەکان بە پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێرانە.