سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنەکان بە رێککەوتن؛ عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – موسڵ:

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و پارێزگاری نەینەوا، بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنەکانی نێو ئەنجوومەنەکە دەبوایە پۆستی جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت بەڵام بۆ دانیشتنی داهاتوو دواخرا.

رۆژی دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی پارێزگای نەینەوا یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و بەکۆی دەنگ هەر یەکە لە عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا و ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە هەڵبژێردرا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دەرمان باعەدری، پەیامنێری کوردستان24 کە لە هۆڵی کۆبوونەوەکە ئامادەبوو ئاشکرایکرد، بەگوێرەی رێککەوتنی لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا، بڕیاربوو سیروان رۆژبەیانی وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی جێگری پارێزگار هەڵبژێردرێت.

هەرچەندە هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆک و جێگری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە دەنگدانی ئاشکرا بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەکاتی هەڵبژاردنی جێگری پارێزگار داواکرا بە دەنگدانی نهێنی بێت ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی رێککەوتنی پێشوەختەی لایەنەکان بوو، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری پارێزگاری نەینەوا دواخرا.

رۆژی (28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامی كۆتایی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای نەینەوای راگه‌یاند‌ كه‌ كۆی گشتی ده‌نگه‌كان بریتی بووه‌ له‌ 906 هه‌زار و 294 ده‌نگ و به‌سه‌ر 29 كورسیدا دابه‌ش ده‌كرێت و 19 كورسی بۆ پیاوان و حه‌وت كورسی بۆ ئافره‌تان و سێ كورسیش بۆ كۆتای پێكهاته‌كان ده‌بێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لیستی نه‌ینه‌وا بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی پێنج کورسی. لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان چوار كورسی، هاوپه‌یمانی گرێبه‌ستی نیشتمانی سێ كورسی، هەریەکە لە هاوپەیمانی سیاده‌، هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی، حه‌سمی نیشتمانی، هاوپه‌یمانی حه‌دبای نیشتمانی، هه‌ویه‌ی نیشتمانی، ئیتیحادی ئه‌هلی نه‌ینه‌وا دوو كورسییان بەدەستهێنا. هەروەها هاوپه‌یمانی عه‌زم و حزبی نیشتمانی بۆ نوێبوونه‌وه‌ هەر یەکەیان یه‌ك كورسییان بەدەستهێنا.