پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەشێك لە پارێزگاکانی عێراق هەڵبژێردران

دوای ئەوەی لە رۆژی یەکشەممە (21ـی کانوونی دووەمی 2024)کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسەندکرد، دواتر بەشێک لە پارێزگاکان کۆبوونەوەیان بۆ دیاریکردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن ئەنجامدا.

 

عەبدولموتەڵیب عەلەوی بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا

کاتژمێر (8:00)ـی شەوی (5ـی شوباتی 2024) ئەندامانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی بەغدا کۆبوونەوە کە لە کۆی 53 ئەندام، 44 ئەندام ئامادەبوون کە هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بە دەنگی 39 ئەندامی ئەنجوومەن، عەمار قەیسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا هەڵبژێردرا کە لە هاوپەیمانی عەزمە بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی.

دواتریش عەبدولموتەڵیب عەلەوی لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە 52 دەنگ بە پارێزگاری بەغدا هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە، ئەندامانی هەوپەیمانی تەقەدووم گەڕانەوە بۆ بەشداریکردن لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا.

ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 49 کورسی پێکهاتووە لەگەڵ چوار کورسی کۆتای پێکهاتەکانی کوردی فەیلی و کریستیانەکان.

عەبدولقادر دەخیل بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا

ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی عەبدولقادر دەخیلی بە پارێزگار هەڵبژارد، هاوکات ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای و محەممەد عەبدوڵڵا جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێگا هەڵبژێردران.

ئەسعەد عێدانی بوو بە پارێزگاری بەسرا

ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا ئەمڕۆ بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگران کۆبووە، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرا، ئەسعەد عێدانی بە پارێزگار و خەلەف بەدران بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

ئەسعەد عێدانی بۆ جاری دووەمە وەک پارێزگاری بەسرا هەڵدەبژێردرێتەوە.

یوسف مەکی کناوی بە پارێزگاری نەجەف هەڵبژێدرا

ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف، لەمیانەی یەکەم کۆبوونەوەیان بە 12 دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، یوسف مەکی کناوییان وەک پارێزگار هەڵبژارد.

هەروەها هەریەکە لە حوسێن وەحید، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، عیماد کامیل محەممەد و کەرار ئەمین بە جێگرانی یەکەم و دووەمی پارێزگار هەڵبژێردران.

نوسەیف خەتابی بۆ جاری دووەم بە پارێزگاری کەربەلا هەڵبژێردرایەوە

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای کەربەلا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی نوسەیف خەتابی بە پارێزگار هەڵبژارد، ناوبراو بۆ جاری دووەمە دەبێتەوە پارێزگاری کەربەلا. هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە عەلی مەیالی بە جێگری پارێزگار،  قاسم یەساری بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و مەحفوز تەمیمی بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران. 

محەممەد نووری بە پارێزگاری ئەنبار هەڵبژێردرا

ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگارنی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوە، هاوکات بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، محەممەد نووری بە پارێزگاری ئەنبار هەڵبژێردرا.

هەروەها عومەر مەشعان دەبووس، وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پاریزگای ئەنبار دیاریکرا، هاوکات ئەکرەم خەمیس بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن دەستنیشانکرا.

ئەنجوومەنی پارێزگای واست، محەممەد جەمیل مەیاحی بە پارێزگار هەڵبژارد

ئەنجوومەنی پارێزگای واست لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی محەممەد جەمیل مەیاحی، بە پارێزگار هەڵبژارد، هەروەها عوزەنفەر بەتیخ وەک جێگری پارێزگار هەڵبژێردرا.

هاوکات هەریەکە لە عەلی سەلەیمون بە سەرۆکی ئەنجوومەن و وەننەس شەمەری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن هەڵبژێردران.

ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین، ئەحمەد جبووری وەک پارێزگار دیاریکرد

رۆژی یەکشەممە (4ـی شوباتی 2024) ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین وەک یەکەم پارێزگا لەسەر ئاستی عێراق بە خێرایی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و پارێزگار، جێگری پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنیان هەڵبژارد.

ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، ئەحمەد عەبدوڵڵا جبووری وەک پارێزگار هەڵبژارد، هەروەها ئەیمەن شوکر محەممەد وەک جێگری پارێزگار دیاریکرا.

هاوکات لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا عادل عەبدولسەلام بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەددین هەڵبژێدرا و محەممەد حەسەن وەک جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن دیاریکرا.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە 15 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن گەیشتە 41%،  کە شەش ملیۆن و 599 هەزار و 668 دەنگدەر روویان لە سندووقەکانی دەنگدان کرد.

لەم هەڵبژاردنەدا، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەبوو، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش 7765 بنکەی ده‌نگدانی ئامادەکرد لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدانی لەخۆگرتبوو، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان. لە کاتێکدا 70 پارت و هاوپەیمانی سیاسیی کێبڕکێیان لەسەر 275 کورسی لە هەر 15 پارێزگاکە کرد کە نزیکەی شەش هەزار کاندید لەسەر لیستەکان و بەشێوەی سەربەخۆ، کێبڕکێی هەڵبژاردنیان ئەنجامدا.

Fly Erbil Advertisment