بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان، دیالە یەکێک بوو لەو پارێزگایانەی لەسەر هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی رێکنەکەوتن
K24 – دیالە:
دوای دەستپێکردنی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، بەهۆی کێبڕکێی توندی هەردوو لیستی سیادە و تەقەدووم بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، دانیشتنەکە تەواونەکراو بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24، رکاربەرییەکی توند لە نێوان نەزار نهێبی، لە لیستی سیادەی خەمیس خەنجەر و عومەر کەروی، لە لیستی تەقەدوومی محەممەد حەلبووسی هەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری نوێی دیالە وەربگرن و لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا تەنیا دەنگێک جیاوازییان هەبووە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی، ترکی جەدعان لە لیستی "دیالەتونا" کە بەتەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەیە، سەرۆکایەتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەی کرد.
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستی حکومەتە خۆجێیەکان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، دیالە، موسەننا، میسان دانیشتەکانیان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە 15 کورسی پێکهاتووە کە چوار کورسییان کۆتای ئافرەتانە.