فاینێنشاڵ تایمز: ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکان، بانکەکانی لۆیدز و سانتاندێری بەکارهێناوە

K24 – هەولێر:
فاینێنشاڵ تایمز بڵاویکردەوە، ئێران بۆ گواستنەوە پارەکان و خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمەریکا بانکەکانی لۆیدز و سانتاندێری بەکارهێناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (5ـی شوباتی 2024) رۆژنامەی فاینێنشاڵ تایمزی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئێران بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمەریکا، بانکەکانی لۆیدز و سانتاندێری بۆ گواستنەوەی پارەکان بەکارهێناوە، کە ئەم دوو بانکە هەژماری وەهمیان بۆ کۆمەڵێک کۆمپانیا کردووەتەوە کە لە راستیدا سەر بە کۆمپانیایەکی پترۆکیمیایین کە تاران کۆنترۆڵی دەکات و لە ساڵی 2018ـەوە سزاکانی ئەمەریکایان بەسەردا سەپێنراوە.
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە، ئەم کۆمپانیایە بەشێکە لە تۆڕێک کە ئەمەریکا تۆمەتباری دەکات بە کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار بەناوی سوپای پاسدارانی ئێران و کارکردن بەناوی دەزگا هەواڵگرییەکانی رووسیا کە پارە بۆ میلیشیاکانی ئێران کۆدەکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژی بانکی سانتاندێر بۆ ئاژانسی فرانس پرێس پشتڕاستی کردەوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانیان بانکەکە هیچ پێشێلکارییەکی ئەنجامنەداوە کە سزای ئەمەریکا بەسەردا بسەپێندرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە سیاسەت و رێکارمان هەیە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونمان بە داواکارییەکانی پەیوەست بە سزاکان، و بەردەوام دەبین لە مامەڵەکردنی چالاکانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەریتانیا و ئەمەریکا".
لەلای خۆیەوە گوتەبێژی کۆمپانیای لۆید بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، چالاکییەکانی بانکەکە بە شێوەیەک بەڕێوەدەچێت کە رێز لە یاسای سزادان بگرێت.