ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 6ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە بەکاتی (بەغدا) سەبارەت بە بارودۆخی عێراق کۆدەبێتەوە.
دوێنێ دووشەممە، 5ـی شوباتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق و سووریا کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا کە نوێنەری وڵاتان باسیان لە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کرد.
عەباس کازم، جێگری نوێنەری عێراق لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەستدرێژییەکان بۆسەر وڵاتەکەمان رەتدەکەینەوە و رێگەنادەین وڵاتەکەمان لە ململانێ نێودەوڵەتییەکان تێوەبگلێت.
گوتیشی: لە هێرشەکەی ئەمەریکا بۆ سەرعێراق خەڵکی سیڤیل کوژراون و ئیدانەی ئەو دەستدرێژییانە دەکەین و پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەمانە.
باسی لەوەشکرد، عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتان هاوسەنگ دەکات و هەوڵیداوە ببێتە سەرچاوەی سەقامگیریی ناوچەکە.
قوسەی عەبدولجەبار، نوێنەری هەمیشەیی سووریا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، ئەمەریکا سەروەری ئێمە و عێراقی پێشێلکردووە کە ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مرۆییەکانە، هەروەها دژی پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە دەبێت ئیدانە بکرێت لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە.
بەگوتەی ئەو نوێنەرە: "هێرشەکانی ئەمەریکا بووەتە هۆی کوژرانی 37 کەس لە هاووڵاتیی سڤیل و سەرباز لەگەڵ برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی دیکە و وێرانکردنی چەند باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کە هاووڵاتییانی سڤیلی تێیدا بووە.
لەلایەکی دیکەوە رۆزماری دی کارلۆ، یاریدەدەری سکتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەبارەی هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سووریا رایگەیاند، ئێمە رووداوەکان رۆژانە دەبینین، لەنێویشیاندا ئەو هێرشانەن کە زیاتر لە 160 جار بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق کراوە، هەروەها بەردەوامیشە، گوتیشی: کە لە 28ـی مانگی رابردوو هێرش کرایە سەر سەربازەکانمان لە ئوردن لە بنکەی تاوەر22 سێ سەربازمان کوژران و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.