ئەحمەد ئەنوەر: کاری باش لەسەر یاسای چاکسازی کراوە

د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولیر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "تا ئێستا چوار راپۆرتمان رەوانەی پەرلەمان کردووە. بەپێی داتاکانمان کاری باش لەسەر یاسای چاکسازی کراوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 6ـی شوباتی 2024، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتی خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر درا، هەموو بڕگەکانی سێکتەرەکانی ژیانی تێدابوو، کە دەبێت چاکسازییەکی هەمەلایەن بکرێت".

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان: "بەشێک لەو داتایەنەی کە باسکرا، پەیوەستە بە یاسای چاکسازی لە مووچە، دەرماڵە و خانەنشینی، شەش بەش لەخۆ دەگرێت. واتە ئەوەی پێویستی بە ورد بینی لە دۆسییەی فەرمانبەران هەیە، ئەوەی پێویستی بە ورد بینی لیستی شەهیدان و خانەنشینی پێشمەرگە هەیە، ئێمە وەکو دەستەی دەستپاکی راسپێردراوین، بە پێی یاسا بەدواداچوون بۆ  جێبەجێکردنی یاساکە بکەین. تا ئێستا چوار راپۆرتمان رەوانەی پەرلەمان کردووە کە لە خوڵدابوو، بەپێی داتاکان کاری باش لەسەر یاسای چاکسازی کراوە. راستە هەندێکی ماوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان نزیکە هەڵبژاردن و دەبێت هەڵبژاردن بکات و دەکەوێتە خولی داهاتوو، بەڵام تا ئێستا بەردەوامە و کاری لەسەر دەکرێت".

ئەحمەد ئەنوەر گوتیشی: "هەنگاوی دووەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانە؛ پڕۆژەی هەژماری من دواترینیانە. پێشووتریش نشینگە، پاسپۆرت، دادنووس و خەرجییەکانی حکومەت هەمووی بە ئەلیکترۆنی کرابوون. ئەوەش خاڵێکی دیکەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی راشیگەیاند، "خاڵێکی دیکە بەپێی داتاکانی مانگی 12ـی ساڵی 2022مان رانگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتووشدا کۆی راپۆرتی ساڵی 2023 رادەگەیەنین. کەیسەکان لەوە زۆرترە کە ساڵی رابردوو رەوانەی دادگاکان کراوە 235 کەیسە، ئەوەی ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەیە زیاترلە  800 کەیسە لە هەرسێ پارێزگای کوردستان هەولێر، دهۆک، سلێمانییە".

Fly Erbil Advertisment