پارێزگاری ئیشیکاوا: هەڵگرتنەوەی پاشماوەی بوومەلەرزەکەی ژاپۆن دوو ساڵی پێویستە

K24 – هەولێر:
بوومەلەرزە بەهێزەکەی 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە ژاپۆن، پاشماوەی زیاتر لە 2.4 ملیۆن تۆنی لەدوای خۆی جێهێشتووە و بەپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن ماوەی دوو ساڵیان بۆ پاککردنەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان پێویستە.
هیرۆشی هاسی، پارێزگاری ئیشیکاوا رایگەیاند، بەهۆی ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی سەرەتای مانگی رابردوو لە ناوچەی نۆتۆی دا، 50 هەزار خانوو وێران بوونە و پرۆسەی لادانی پاشماوەکانیش ماوەی دوو ساڵی دەوێت.
لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر، چەند پارێزگایەکی ناوەندی ژاپۆنی هەژاند و زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاند.
پارێزگاری ئیشیکاوە ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی پاشماوەی ئەو بوومەلەرزەیە یەکێکی دیکەیە لە کێشەکان کە قەبارەکەی بەرامبەر پاشماوەی حەوت ساڵی ناوچەکەیە. هەروەها پاشماوەی بوومەلەرزەکەی شاری سوزە کە زۆرترین زیانی پێگەیشتووە، قەبارەکەیە دەگاتە پاشماوەی 132 ساڵی شارەکە.
بەگوێرەی پێشبینی بەرپرسانی ژاپۆنی، هەڵگرتنەوەی پاشماوەی بوومەلەرزەکە لە سەرجەم ناوچەکە، ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی دەوێت و لە مانگی ئاداری 2026 کۆتایی دێت.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیاتر لە 240 کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، هاوکات 13.9 هەزار کەسیش تاوەکو ئێستا بەهۆی وێرانبوونی ماڵەکانیان پەنایان بۆ سەنتەرەکان بردووە و لە پارێزگای ئیشیکاوا 38 هەزار خێزان بێ ئاو و 1800 خانووش بێ کارەبان.