نیازی خالید: نزیکەی 250 کیلۆمەتر رووبەری مینڕێژکراو لە هەرێمی کوردستان هەیە

K24 – هەولێر:
دەزگای گشتی مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ گەورەترین هەڵمەت بۆ پاککردنەوەی سەرجەم ناوچە مینڕێژکراوەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات کە نزیکەی 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە رووبەری پیسبوو بە مین لە ناوچە جیاوازەکان ماوەتەوە.
رۆژی سێشەممە (6ـی شوباتی 2024) نیازی خالید، جێگری سهرۆكی دهزگای گشتی مین لە میانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کاتژمێر 8:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی پێشووی عێراق بۆ ماوەی 40 ساڵ و چەکدارانی داعشیش بۆ ماوەی سێ ساڵ، خاکی هەرێمی کوردستانیان مینڕێژکردووە و تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 60%ـی لە مین پاککراوەتەوە.
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەغدا، نیازی خالید ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی عێراق هیچ هاوکارییەکی هەرێمی کوردستانی نەکردووە، لە کاتێکدا خۆی میراتگری حکومەتی پێشووە کە مینێکی زۆری لە خاکی هەرێمی کوردستان چاندووە، هەروەها پابەندی ماددەی 33ـی دەستووری عێراقیش نەبووە کە تێیدا هاتووە، مافی هاووڵاتییەکە لە ژینگەیەکی سەلامەت بژیت.
جێگری سهرۆكی دهزگای گشتی مین گوتیشی، دامەزراوەی تایبەت بەو پرسە لە بەغدا پارەیەکی زۆری لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ دابیندەکرێت و لەلایەن رێخکراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە هاوکاری دەکرێت، بەڵام لەو پارە زۆرەی لەبەردەستیانە هاوکاری هەرێمی کوردستان ناکەن.
نیازی خالید باسی لەوەشکرد، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، تەنیا رێکخراوێکی سلۆڤینی بە پارەیەکی کەم هاوکاری دەزگاکەیانی کردووە لە بواری گواستنەوە و سەرجەم پێداویستییەکانی دیکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابینکراوە.
هاوکات لەبارەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نیازی خالید گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکری 750 ملیۆن دیناری ساڵانە بۆ بەکرێگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆی تیمەکان بۆ کێڵگەکانی مین و 761 گرێبەستی کارمەندانی کێڵگەیی و مین هەڵگرەوەی نوێ کردووەتەوە، بۆیە ساڵی 2024 هەڵمەتێکی گەورە لەو بوارە بەڕێوەدەبەن.
هەروەها روونیکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023، سێ ملیار و 800 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژە بەردەوامەکانی سلێمانی تەرخانکردووە کە ئەمساڵ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
نیازی خالید ئاشکراشیکرد، 35 تیم کاردەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیش لە پرۆسەی راهێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی تیمەکاندان بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن.
جێگری سهرۆكی دهزگای گشتی مین داوای لە هاووڵاتییانیش کرد هاوکاربن و پابەندی رێنماییەکانی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە بن و نزیک ئەو شوێنانە نەکەون کە مینڕێژکراون.
دهستهی گشتی كاروباری مین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوو (2022 و 2023)، کۆی گشتی رووبەری زهوی پاككراوە له مین گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دووجا کە کە 49 کێڵگە و پێنج شەڕگە پێکهاتووە.