سێنتکۆم: حوسییەکان بە مووشەکی بالیستی هێرشیانکردە سەر دوو کەشتی بەریتانی و یۆنانی

 K24 - هەولێر

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارە حوسییەکان، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بە شەش مووشەکی بالیستی لە دوو هێرشی جیادا لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن پەلاماری دوو کەشتیانداوە.

سێنتکۆم ئاماژەیداوە، چەکدارە حوسییەکان سێ مووشەکیان ئاراستەی کەشتیی ئێم ڤی ستار ناسیا کردووە، کە خاوەندارییەکەی بۆ یۆنان دەگەڕێتەوە و بەنیازبووە لە کەنداوی عەدەن تێپەڕێت، کە بە گوتەی تیمی کەشتیەکە، هێرشەکان تەنیا چەند زیانێکی کەمی هەبووە و توانیویانە کەنداوە تێپەڕ بکەن و دەربازیان بێت.

هەر لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکادا هاتووە، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە (6ی تشرینی دووەمی 2024) مووشەکێکی بالیستی لەلایەن کەشتی جەنگیی دیگۆل 58 خراوەتە خوارەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، لە باشووری دەریای سوور، کەشتییەکی بەریتانی بە ناوی ڤی مۆرنینگ تاید، بە سێ مووشەک هێرشیکراوەتە سەر، بەڵام هیچ یەکێك لە مووشەکەکان کەشتییەکەی نەپێکاوە.

لە دوای هێرشی چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، بە پێچەوانەشەوە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارانی حوسیی وەک پشتیوانییەک بۆ حەماس لە دەریای سوور هێرشەکانیان بۆ سەر جووڵەی کەشتییەکان چڕکردەوە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی چەکدارە حوسییەکانیش رایگەیاندووە، هەرچەندە هێرشەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا بۆ سەر بنکە و بارەگانیان زیاتر بێت، حوسییەکان لە پشتیوانیکردنی حەماس هەر بەردەوام دەبن، هەروەها ئەمەریکا، سوپای پاسدارانی ئێران تۆمەتبار دەکات لە پشتیوانیکردنی چەکدارە حوسییەکان بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بیانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.

 

Fly Erbil Advertisment