نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی بە چەندین تایبەتمەندییەوە لە شێخان دروست دەکرێت

K24 - هەولێر
سەردار یەحیا، قایمقامی شارۆچکەی شێخان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، بەمزوانە لە سەنتەری شارۆچکەکەیان دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێڵەیی دەکرێت، کە چەندین تایبەتمەندیی و بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت.
قایمقامی شێخان گوتیشی؛ نەخۆشخانەکە لەلایەن هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بنیاد دەنرێت، حکومەتی هەرێم رووبەری 17 دۆنم زەوی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەکە تەرخانکردووە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەواش، بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکرێت، کە لە بودجەی 2023دا بڕی 76 ملیار دیناری بۆ دیاریکراوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، لەو نەخۆشخانە نوێیەدا جگە لەوەی 18 جۆر نەشتەرگەری، چارەسەری نەخۆشی گورچیلەشی تێدا دەکرێت، بەمەش نەک هەر دانیشتووانی سنوورە پێویستیان بەوە نابێت رێگەی دهۆک و ئاکرێ بۆ سەردانی دکتۆر و نەخۆشخانە بگرنەبەر، بەڵکو بە کەوتنە کاری نەخۆشخانەکە پێشبینی دەکرێت خەڵکی ناوچەکانی دەوروبەریش روو لە نەخۆشخانەکەی شێخان بکەن.
شارۆچکەی شێخان، پێنج شارەدێ لە خۆ دەگرێت و سەرجەمی دانیشتوانی سنوورەکە زیاتر لە 210 هەزار کەسە، لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایەو دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان.