ئەمەریکا 360 شوێنەوار بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە

قەڵای هەولێر
قەڵای هەولێر

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمیان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی 360 شوێنەوار کە  بڕیارە کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی شوباتی 2024، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەواری هەرێمیان کردووە و بڕیارە کار بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە لە رابردوودا خاوەندارێتیان بۆ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار گوتی: "شاندەکە پێیان گوتوون کە 360 پارچە شوێنەوار لەلای ئەوان هەیە".

کەیفی مستەفا دووپاتیشی کردەوە، پەیوەندییەکانی هەردوولا بەردەوام دەبێت لە هەرشوێنێک شوێنەوارێک هەبێت، هی هەر سەردەم و ساڵێک بێت پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان و موڵکی هەرێمی کوردستان بێت، لەلایەن لیژنەی پسپۆرەوە پشتراستبکرێتەوە دەیانگەڕێنەوە بۆیان. هەروەها شاندەکە باسیان لەوەش کرد ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار هەر پارچەیەکی شوێنەواریان لە وڵاتانی دەرەوەی بەدیکرد، خاوەندارێتییەکەی بۆ هەرێم بگەڕێتەوە، دەتوانن هاوکاریان بکەن لە گەڕاندنەوە بۆ مۆزەخانەکانی هەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار راشیگەیاند، هەر هاووڵاتییەک شوێنەوار بدۆزێتەوە رادەستی نەکات دواتر لەرێگەی وڵاتان ئێمە بزانینەوە ئەوە بەدواداچوون بۆ کەسەکە دەکرێت و لەلایەن ئاسایش لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. گوتیشی، "ساڵی رابردوو، 30 کەیسی زیادەڕۆییکردنە سەر شوێنەکانی دۆزینەوەی شوێنەوار تۆمار کراون".

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە: "هەندێک شوێنەواری پارە هەبوون هی سەردەمی سلوقییەکان بووە، لە سرێشمە سەر بە خەلیفان دۆزراوەتەوە، تیمەکانی شوێنەوار رۆشتوون بۆ کاری هەڵکۆڵین، بەڵام دەزگاکانی ئەو شوێنە رێگرییان لە تیمەکە کردووە دەست بەسەر شوێنەوارەکەدا  گیراوە".

کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێمی کوردستان گوتیشی: "داوا لە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەو 480 پارچەر شوێنەوارە نازانین چی بەسەرهاتووە و لای کێیە لە سرێشمە، داوا دەکەین هاوکارمان بێت بۆ گەڕاندنەوەیان کە لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو ناوچە و دەزگاکانی ئەوشوێنە دەستیان بەسەردا گیراوە. چونکە موڵکی شوێنەواری هەرێمی کوردستانە".

Fly Erbil Advertisment