کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا: پێشێلکارییەکانی ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کەمبوونەتەوە

K24 - هەولێر
کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، بەشێوەیەکی بەرچاو پێشێلکارییەکانی ئازادیی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان کەمبوونەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 07-02-2024، ستافی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر لەگەڵ بەشێک لە پەیامنێرانی ئەو میدیا ئەمەریکیانە کۆبووەوە کە ئۆفیسیان لە هەولێر هەیە و، رایگەیاند، "ئەمەریکا خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلکاریەکانی ئازادایی راگەیاندن، ئەوەش پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات تێیدا رۆژنامەوانان بتوانن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس، هەراسانکردن و جیکاریی لەسەر بنەمای ئینتیمای حزبی".
ئەمە لە کاتێکدایە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێری ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان دەکات و، سەردانی دەزگاکانی راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان دەکات. هاوکات پێشوازی لە رۆژنامەنووسانیش دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رایان لەبارەی ئاستی ئازادی رادەربەرین لە هەرێم وەربگرێت.
لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، حكومەتی هەرێمی کوردستان بە باوەڕبوون بە بنەما نێودەوڵەتییەكان و ئازادییە ڕۆژنامەوانییەكان، هەوڵی داوە ئەوپەڕی ئازادیی ڕاگەیاندن هەبێت و گیانی ڕۆژنامەنووسان پارێزراو بێت؛ تاكوو لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، ئازادی و شەفافییەت بەرەوپێش بچێت.
