گەنجێكی ھەرێمی كوردستان لەلایەن پاسداران كوژرا
K24 – سلێمانی
پاسدارانی ئێران لە ناوچە سنوورییەكانی دەڤەری شارباژێر دەستڕێژی گولـلە لە گەنجێك دەكەن و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی گیانی لە دەستدا.
پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "پاسدارانی ئێرانی لە مەرزی شابەدینی دەڤەری شارباژێڕ دەستڕێژی گولـلە لە ھەندێك كاسبكاری ھەرێمی كوردستان دەكەن لە ئەنجامدا گەنجێكی تەمەن 19 ساڵە بەناوی بیشوان مستەفا گولـلەی بەردەكەوێت، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی گیانی لەدەستدا".
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان، ئەو گەنجە یەكێك بووە لە كاسبكارەكانی ئەو سنوورە و لەكاتی نانخواردن گولـلەی پاسدارانی بەركەوتووە.
پێشتریش چەندین جار ھاووڵاتیانی باشوور و رۆژھەڵاتی كوردستان لە ناوچە سنوورییەكان لەلایەن پاسدارانی ئێران كراونەتە ئامانج.