پەرلەمانتارانی بەریتانیا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەنەوە

هەولێر - K24:
گرووپی پشتیوانان لە هەرێمی کوردستان لە نێو پەرلەمانی بەریتانیا، کە چەندین پەرلەمانتار لەسەرجەم پارتەکان لەخۆ دەگرێت، ئەمڕۆ (چوارشەممە 7ـی شوباتی 2024) لە دانیشتنێكدا پشتیوانی بەهێزی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
جاک لۆپرێستی، ئەندامی پارتی پارێزگاران و سەرۆکی گرووپی پەرلەمانی سەرجەم پارتەکان بۆ کوردستان APPG، لە دیبەیتێکی پەرلەمانیدا رایگەیاند، دەبێت شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا پشتیوانی هاوڕێ و هاوپەیمانە کوردەکانی بکات.
لۆپرێستی ئهوهشی خستهڕوو، پەیوەندییە مێژووییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بۆ چەندین دەیە دەگەڕێتەوە و هاوپەیمانیەتییهكی گرنگە لە سەدەی رابردوو بۆ سوودی هاوبەش.
هەروەها راشیگەیاند، بەهۆی دەستوەردانەکانی ئێران و میلیشیاکانەوە پەیوەندیەکانی هەولێر و بەغدا “سستی” بەخۆیەوە بینیوە.
لۆپرێستی باسی لهوهشكرد، لە رێگەی دادگای باڵای فیدراڵی، کە بە دەستووری دانەمهزراوە، شەڕی یاسایی دژ بە هەرێمی کوردستان دەکرێت و ئەوەش دەبێته هۆی دروستکردنی «ناسەقامگیری و خنکاندنی کوردستان».
جهختیشیكردهوه، میلیشیا شیعەکان پێگەی سەربازی بەریتانی و ئەمهریکیەکانیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر کردووهتە ئامانج.
لۆپرێستی دهشڵێت، لە رێگەی پشتیوانیکردن و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە، بەریتانیا دەتوانێ متمانەی وەبەرهێنەرانی دەرەکی بەدەستبهێنێت.
لهلایهكی دیكهوه برێندان ئۆهارا، ئەندامی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا، رایگەیاند، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا نابێت چاوپۆشی لە خواستی کوردەکان بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان بکات.
ههروهها واین دەڤد، ئەندامی پارتی کرێکارانیش، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیای بە بەهێز و ئەرێنی باسکرد.
ئامادەکردنی: ڤلادیمیە ڤان ویلگینبێرگ