رێژەی سەوزایی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی سەدا 20 بەرزبووەتەوە

K24- هەولێر
رێژەی زۆری ئۆتۆمبیل لە ناو شار هۆکارێکە بۆ پیسبونی ژینگە، بە گوتەی پسپۆرێکی بواری ژینگە و ئاو، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی کێشەی ژینگەیی هەیە نەک پیسبونی ژینگە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، مەسعود حوسێن، پسپۆری ژینگە بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەهەرێمی کوردستان چ پیسبوونی هەوابێت یاخود ئاو بێت تا ئێستا بەو شێوە ترسناکە نیمانە، بەڵام شتێکەی دیکەمان هەیە پێی دەگوترێ کێشە ژینگەییەکان، پیسبوونمان نییە کێشەی ژینگەییمان هەیە. ئەو کەڵەکە بووەی کێشەی ژینگە لە داهاتوو ژینگەمان پیس دەکات ئەگەر چارەسەر نەکرێت.
لە خاڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە خاڵی 10یەمدا دەڵێت، ژینگەی هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی گرنگە.
بەرێوەبەری فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لە دەستەی ژینگە ، ئەو گەرەک و شوێنانەی هەولێر لە سەر نەخشە بە وردی نیشاندەدات کە شوینی کارگە و پالاوگەکانە ، ئەو دەڵێت، سەرجەم ئەو کۆمپانیا و شوێنانە دەبێ رێژەی سەوزاییان 25% بێت.
لای خۆیەوە ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە پشت بەو داتایانە دەبەستین کە داتای فەرمین، ئێمە وەکو ژینگە لەگەڵ رێکخراوی "جی ئای زێت"ـی ئەڵمانی کاردەکەین، راپۆرتیشمان بەرزکردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، ئەو راپۆرتەی بەرزکراوەتەوە لەلایەن پێشبینیکەرانی ئەڵمانی دەگوترێ شاری هەولێر هەواکەی بەرەو پیسبوون دەچێت.
گەرچی ریژەی سەوزایی لە کوردستان گەیشتوەتە نزیکەی 20%، بەڵام دیسان مەترسی پیسبونی ژینگە بە هۆکاری تر زیادیکردوە.