سەرمەد بەیاتی: عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە

K24 - هەولێر
شارەزایەکی بواری ئەمنی و سەربازی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئەمەریکا کە لەسەر خاکی عێراقە ئەگەر بێت و ئەو وڵاتەش جێبهێڵێت ئەو کاتە عێراق هیچ ئازادییەکی بۆ دروست نابێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی شوباتی 2024، سەرمەد بەیاتی، شارەزا لە بواری ئەمنی و سەربازی، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە بەتایبەت بەغدای پایتەخت، ئەو دۆخە لە رووی سیاسی و ئەمنیشەوە هەر بەردەوامە. هەندێک تێکەڵاوی سەربازین هەیە، کە ماوەیەکە لە نێوان عێراق و ئەمەریکا بەردەوامە. پرسەکە پەیوەستە بە گەڕاندنەوەی جێهێشتنی سەرجەم ئەو هێزانەی کە سەر بە ئەمەریکا و هاوپەیمانن لە عێراقدا. بەڵام بەشێویەکی لەناکاو دووبارە بەرپرسێکی حزبوڵڵا کرایە ئامانج، بێگومان ئەم پرسە هەندێک پرسیارمان بۆ دروست دەکات، ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت و ئەمەریکا دەمێنێتەوە؟.
بە گوتەی ئەو شارەزایە: "لە رابردوودا هەندێک کەسایتی کرابوونە ئامانج، ئەم هێرشانە کە ئاراستەی کەسایەتییەکان کراون بەردەوام دەبێت. و فشاری نێوخۆیی ئەمەریکا بەتایبەت ئەوانەی کۆمارییەکان زیاترە، جگە لەفشار بۆسەر حکومەتی ئەمەریکا کە ئەم فشارانە زۆر زیاترە لەوەی بۆسەر حکومەتی عێراق دەکرێت. پێویستە حزبوڵڵا بووەستێت لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا بەشێوەیەکی گشتی. مقاوەمەی ئیسلامی نەوەستاوە لە هێرش کردن و تا ئێستا بەردەوامە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە دوای بە ئامانجگرتنی سەرکردەی حزبوڵڵا ئاخۆ حزبووڵڵا دووبارە هێرش دەکاتەوە سەر هاوپەیمانان؟.
سەرمەد بەیاتی راشیگەیاند، ئەم بابەتە بە پلەی یەک لە ژێر دەستی ئەمەریکایە کە ئایا بەردەوام دەبێت لە بە ئامانجگرتنی ئەو ناوچە و شوێنانەی سەر بەو هێزانە؟. پرسیارەکە ئەوەیە کێ باجی ئەوانە دەدات؟ بێگومان عێراق باجی هەموو ئەوانە دەدات. ئەمەریکا ئەمڕۆ لەسەر خاکی عێراقە گەر بێت و ئەمەریکاش عێراق جێبهێڵێت ئەو کاتە عێراق هیچ ئازادییەکی بۆ دروست نابێت و ناتوانێت هەموو ئەو گرووپانە بکاتە ئامانج، جگە لەوەی کە ئەم پرسە بابەتی سیاسی نییە کە ئەمەریکا و عێراقی بەیەک گەیاندووە بەڵکو پرسی ئابووریش هەیە.