سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان: ئەمەریکا دەیەوێت هێزی مووشەکی و درۆنی حیزبوڵڵا لاواز بکات

K24 - هەولێر
پێدەچێت هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکانی نزیک لەئێران بۆسەر پێگەکانی ئەمەریکا لەعێراق و سووریا، پەتی سەبری واشنتنی پچڕاندبێت، لەبەرئەوەی ئەمجارە راستەوخۆ سەرکردەیەکی حیزبوڵڵای عێراقی کوشتووە کە بەرپرسیاربووە لەهێزی مووشەکی و درۆنی ئەو گروپە.
میدیا و چاودێرەکان رای جیاوزییان سەبارەت بەهێرشەکانی ئەمجارەی ئەمەریکا بۆسەر دوو بەرپرسی حیزبوڵڵای عێراق لەناوەندی بەغدای پایتەخت هەیە. بەشێکییان لێکدانەوەکانیان بەو ئاڕاستیەیەی لەرێگەی کوشتنی باقر ساعیدی و ئەبو ئەرکانی عەلیاوی، کە دوو بەرپرسی باڵای حیزبوڵڵان، ئەمەریکا دەیەوێت هێزی مووشەکی و درۆنی حیزبوڵڵا لاواز بکات، بەتایبەتی کە باقر ساعیدی بەرپرسی یەکەی مووشەکی ئەو گروپەی نزیک لەئێرانە، ئەبو ئەرکان عەلیاویش یەکێکە لەسەرکردە باڵاکانی دەزگای هەواڵگریی حیزبوڵڵا.
لەوبارەشەوە ئاژانسی رۆیتەرز نووسیویەتی، باقر ساعیدی لەدوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس لەساڵی 2020 بووە بەیەکێک لەدیارترین سەرکردەکانی گروپە چەکدارەکان.
هاوکات میدڵ ئێست ئای راپۆرتێکی دەربارەی کەسایەتی باقر ساعیدی بڵاوکردەوە و تیایدا بەمجۆرە باس لەو سەرکردەیەی حیزبوڵڵا دەکات.
ساعیدی ناوی تەواوی وسام محەمەد سابرە، یەکێکە لەسیما دیارەکانی حیزبوڵڵای عێراق، پاسەوانی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بووە، باقر ساعیدی بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنە تایبتەکانی حیزبوڵڵای عێراقی بووە.
ناوبراو بەرپرسیارە لەهێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ئیمارات لەساڵی 2021 هەروەها لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەبووە، بەرپرسیاربوو لەیەکەی مووشەکی حیزبوڵڵای عێراق.
هەرچەند ئۆپراسیۆنەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا لەمانگی رابردووەوە راگرتووە، بەڵام حیبزوڵڵای عێراق یەکێکە لەدژبەرە سەرسەختەکانی ئەمریکا، پێشبینیش دەکرێت کوژرانی ئەو دووسەرکردەیەی گروپە چەکدارەن ئاڵۆزییەکانی عێراق بباتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە.
باقر ساعیدی ناوی تەواوی وسام محەمەد سابرە، یەکێکە لەسیما دیارەکانی حیزبوڵڵای عێراق. پاسەوانی ئەبو مەهدی موهەندیسی جێگری پیشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بووە. بەرپرسیاری ئۆپراسیۆنە تایبەتەکانی حیزبوڵای عێراقی بووە.
باقر ساعیدی بەرپرسیارە لەهێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ئیمارات لەساڵی 2021، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هەبووە بەرپرسیار لەیەکەی مووشەکی حیزبوڵڵای عێراق.