کاندیدانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرە ئاشکرادەکرێن

لۆگۆی دەم پارتی
لۆگۆی دەم پارتی

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی بڕیاریدا بە کاندیدی خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بکات، وابڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە، دەم پارتی ناوی کاندیدانی خۆی بۆ بەشێک لە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا رابگەیەنێت، لەوانەش ئیستانبوڵ و ئەنقەرە.

هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی کۆتایی ناوی کاندیدانی دەم پارتی بۆ هەڵبژاردانی شارەوانییەکان لە ئیستانبوڵ و ئەنقەرە یەکلایی نەبووەتەوە، هاوکات ناوی چەند کاندیدێک بۆ چوونە کێبڕکێی هەڵبژاردن لەو دوو شارە گەورەیەی تورکیا دەهێندرێت، کە بەرێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووانەکانیان کوردن.

دەم پارتی بڕیاریداوە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە بڕیارە لە 31ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بە کاندیدی خۆی بەشداری بکات. ناوی پێنچ کەس زیاتر لەنێو ئەو پارتە دەهێندرێت و لە کاندیدانی دیکە جیاکراونەتەوە بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ کە بریتین لە سڕی سوڕەیا ئۆندەر، مێرال دانش بێشتاش، عایشە ئەردەم، جەنگیز چیچەک و نیعمەتوڵڵا ئەردۆغموش.

هەروەها پێنج کەسیش ناویان بۆ شارەوانی ئەنقەرە دەهێندرێت کە بریتین لە ساروهان ئۆلوچ، فلیز کەرەستەجیئۆغڵو، مورات چەپنی، سڕی ساکیک و ئایلا ئاکات.

ناوی کاندیدانی دەم پارتی بۆ شارەوانی ئیستانبوڵ دوای ئەوە دێت، باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە کە ئێستا لە زیندانە، لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستانبوڵ وەک کاندیدی دەم پارتی پاشگەزبووەوە.

بڕیارە رۆژی هەینی (9ـی شوباتی 2024) دەم پارتی ناوی ژمارەیەک کاندید بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا رابگەیەنێت و چاوەڕێ دەکرێت ناوی کاندیدانی بۆ شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ و ئەنقەرەشی تێدابێت.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) کە ئەوکات لەرێگەی پارتی چەپی سەوز بەشداری لە هەڵبژاردنەکان کردبوو، بەهۆی نەبوونی کاندید بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووبووەوە. تەنانەت دەنگەکانیشی بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی دیکە کەمی کرد و دەرئەنجامی راپرسییەکە دەریدەخات کە کورد بە گشتی لەگەڵ ئەوەیە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی تورکیا کاندیدی خۆی هەبێت.

بەگوێرەی کۆتا راپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوێست، کە لەگەڵ 1002 دەنگدەری کورد لە ئیستانبوڵ کردوویەتی کە پێشتر دەنگیان بە پارتی چەپی سەوز داوە، لە 69.6%ـی دەنگدەران دەڵێن پێویستە دەم پارتی کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەبێت، هاوکات لە 25.5%ـیشی لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین، لە 3.9%ـیش هیچ بۆچوونێکیان دەرنەبڕیوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

Fly Erbil Advertisment