بەلاغی کۆتایی سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتیيەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

لێژنەی باڵای سەرپەرشتی کۆنفرانس سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتیيەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان به‌لاغی كۆتایی راده‌گه‌یه‌نێت و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی ئاشتیخوازه‌ و كار ده‌كات بۆ فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌ ئامانجی پێشخستنی زیاتری هه‌رێمی كوردستان.

لێژنەی باڵای سەرپەرشتی کۆنفرانس سێیەمین کۆنفرانسی نوێنەرایەتیيەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، دوای گۆڕانکاری و رێکخستنەوەی پێکهاتەی نوێی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و پێشهات و رووداوەکانی ناوچەکە، سێیەمین کۆنفڕانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە رێکەوتی 28ـی كانوونی دووه‌م تاوه‌كو 1ـی شوباتی 2024 لە هەولێری پایتەخت بەسترا.

باسی له‌وه‌ش كردووه‌، لە رێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفڕانسدا مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ژمارەیەک لە وەزیرەكان و نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی كوردستان و دیوانی سەرۆکایەتی و بەرپرسانی حکومی و حزبی و نێردە دیپلۆماسیەکان و نوێنەری رێکخراوەنێودەوڵەتیەکان و کەسایەتی سیاسی و ژمارەیەک باڵیۆزی پێشوو بەشداریان تێداکرد.

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، لە یەکەم رۆژی کۆنفڕانسدا، دوای کردنەوەی بە گوتاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە دوو پانیڵی جیاوازدا تێشک خرایە سەر پێگەی ئابووری و سیاسی هەرێمی كوردستان و دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان وەک هۆكاری پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگای نیودەوڵەتی.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، لە رۆژانی دووەم تا پێنجەمی کۆنفڕانس، لە ژمارەیەک کۆبوونەوەی داخراودا، دوای خوێندەوەی راپۆرتی نوێنەرایەتییەکان، چەندین تەوەری گرنگ لەلایەن بەرپرس و کەسانی پسپۆر و تایبەتمەند لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و دۆخی ئاسایش و پرسی چاکسازی و بە دیجیتاڵکردنی حکومەت و بایەخدان بە پاراستنی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا و مافی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و هەنگاوەکانی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و رەوشی ناوچە ی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماددەی 140 کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر رۆڵی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە داکۆکی کردن و نوێنەرایەتیکردنی هەرێم و گەیاندنی پەیام و مافە دەستووریەکانی گەلی کوردستان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی .

ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ لایه‌نێكی دیكه‌ی کۆنفرانس بریتی بوو لە گفتوگۆکردن لەسەر رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی و خستنەڕووی گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم نوێنەرایەتییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و هەنووکەیی و درێژ مەودابۆیان،  هەروەها بەستنەوەی نوێنەرایەتییەکان بە پێکهاتەی نوێی فەرمانگە و شێوازی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی زانیاری و  یەکخستنی یەکگوتاری و خزمەتکردنی رەوەندی کوردستانی و بەشداری پێکردنیان لە پرس و بۆنە نیشتیمانیەکان تاوتوێ کرا.

جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌، کونفڕانس هەڕه‌شە و مووشەکبارانکردنه‌ بێ پاساوەکان بۆ سەر خاک و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات کە خاکی هەرێمی کوردستان نەبێت بە گۆرەپانی یەکلاکردنەوەی ململانیی هه‌رێمی و جیهانی.

کۆنفڕانس جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئاشتیخوازە و هەڕەشە نییە بۆ سەر ئاسایشی هیچ لایەک و خوازیاری پەیوەندی بەهێزە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لە چوارچێوەی عیراقی فیدڕاڵ. هاوکات جەخت لە بەرگری کردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و داکۆکی کردن لە مافە دەستووریەکان کرایەوە و پشتگیری لە شاندنی دانوستانکار لەگەڵ بەغدا بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە دارایەکانی هەرێم و مووچەخۆران دەربڕی و فراوانکردنی پەیوەندی کولتووری و ئابووری و زانستی لە چوارچێوەی فراوانکردنی ژمارەی نوینەرایەتیەکان جەختی لەسەر کرایەوە.

لە کۆتاییدا کۆنفڕانس کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی خستەڕوو کە دەرهاویشتەی گفتووگۆی چڕ و ئاڵوگۆری بیروڕا بوون لە نێوان ئەندامانی کۆنفرانس کە دواجار بەمەبەستی پەسەند کردن و جێبەجیکردنیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکرێتەوە.

کۆنفڕانس سوپاسی خۆی ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان دەکات ل ەبەرامبەر پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان.

هەروەها سوپاسی ئه‌وانه‌ ده‌كات لە رۆژانی کۆنفرانس بە پێشکەشکردنی بابەتە گرنگ و پڕ زانیارییەکانیان بەشداربوون. سوپاسی هه‌ر یه‌ك له‌ دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم و نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ده‌كات کە هاوکاربوون لە داڕشتنی کارنامەی کۆنفڕانس.

به‌ هه‌مان شێوه‌ سوپاسی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ده‌كات کە پاڵپشتی تەواو بوون بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی کۆنفڕانسەکە. سوپاسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و تیمی راگەیاندن و  بەشی پرۆتۆکۆل لە نووسینگەی سەرۆک وەزیران ده‌كات کە هەر لە سەرەتاوە هاوکار و هەماهەنگ بوون.

له‌ كۆتاییشدا سوپاسی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێمی كوردستان ده‌كات کە لە رۆژانی کۆنفڕانس لە دابینکردنی ئاسایش لە ئەرکدابوون.