ئاسایشی هەولێر دەستبەسەر کۆگایەکی زەیتی زەیتوونی ساختە و رەنگکراودا دەگرێت

زەیتی زەیتوونی ساختەکراو
زەیتی زەیتوونی ساختەکراو

K24 – هەولێر:

ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لەلایەن تيمەكانی بەدواداچوون بۆ خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچووی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامییەتی قەزای ناوەندیی هەولێر و كوالێتی كۆنترۆڵ، دەستیان گرتووە بەسەر کۆگایەکی رۆنی زەیتی زەیتوونی ساختە و بێمۆڵەت.

رۆژی پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەو کۆگایەی دەستیان بەسەردا گرتووە، رۆنی زەیتی ئاسایی هاوردەکراوە و بە رێگایەکی ساختە و بە بەکارهێنانی رەنگی سەوز (کەسک)، رەنگی زەیتەکەیان گۆڕیوە و کردوویانە بە زەیتی زەیتوونی سرووشتی و لە تەنەکەی تایبەت کراوە و لۆگۆی ساختەی پێوە کراوە، کە گوایە زەیتی زەیتوونی سرووشتییە، بەنیازبوون لە بازاڕەکاندا بە زەیتی زەیتوون و بە نرخێکی گران بیفرۆشنەوە بە هاووڵاتییان.

لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکردووە، تیمەکانیان دەستیان بەسەر کۆگاکە و سەرجەم کەلوپەلەکاندا گرتووە و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانەی لەو کۆگایە کاریانکردووە گیراوەتەبەر.