هەژمارەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخران
K24 – هەولێر:
هەموو هەژمارەکانی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئیران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام داخران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ـی شوباتی 2024) ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی ئەم دوو تۆڕە کۆمەڵایەتییەیە رایگەیاند، هۆکاری داخستنی ئەکاونتەکانی خامەنەیی، پێشێلکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە بانگەشە بۆ رێکخراوە و کەسایەتییە مەترسیدارەکانە.
لەکاتێکدا کۆمپانیای مێتا هێشتا بە فەرمی هیچ روونکردنەوەیەکی لەم بارەیەوە نەداوە.
هەژماری عەلی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام زیاتر لە 5 ملیۆن فالەوەرسی هەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام و فەیسبووک لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە فلتەر کراون و بەکارهێنانیان قەدەغەیە.