ئەمەریکا هۆشداری دەداتە ئیسرائیل لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی چەکەکانی
K24 - هەولێر
ئەمەریکا بە کورتەیەک لە یاداشتێکی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا، ئیسرائیلی ئاگادار کردەوە کە ئەو وڵاتانەی چەکی ئەمەریکایان وەرگرتووە دەبێت پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
یاداشتەکە بەیاننامەیەکی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکایە، کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە کۆشکی سپییەوە بۆ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا نێردراوە، بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی.
لە یاداشتەکەدا مەرجی نوێ دانەنراوە بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی کەرەستە سەربازییەکانی ئەمەریکا، بەڵام پێویستە ئیدارەی بایدن ساڵانە راپۆرتێک بۆ کۆنگرێس بنێرێت سەبارەت بەوەی ئایا وڵاتان مەرجەکانیان تێدایە یان نا.
واشنتن ساڵانە هاوکاری سەربازی بە بەهای 3.8 ملیار دۆلار پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات، دیموکراتە چەپەکان و گروپە عەرەبە ئەمەریکییەکان رەخنەی توندیان لە پاڵپشتیەکانی ئیدارەی بایدن بۆ ئیسرائیل گرت.
کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە وەڵامی پرسیارێکدا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، بەرپرسانی ئەمەریکا کورتەیەکیان لە یاداشتنامەکە بە ئیسرائیلییەکان راگەیاندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوان ئامادەیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی ئەم جۆرە گەرەنتییە".
بەرپرسێکی ئەمەریکا رایگەیاند، وڵاتانی دیکەش کە چەکی ئەمەریکی بەکاردەهێنن ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئامادەنەبوو ناوی ئەو وڵاتانە بهێنێت.
جان پیێر گوتی، "هیچ ستانداردێکی نوێ لەم یاداشتەدا نییە، ئێمە ستانداردی نوێ بۆ یارمەتییە سەربازییەکان ناسەپێنین، بەڵکو بە ئاشکرا ستانداردە هەنووکەییەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕوون دەکەینەوە، لەوانەش یاسای شەڕی چەکداری".