کچە کارمەندێکی CIA دەبێتە قوربانی کەیسێکی ئابڕووچوون

K24 - هەولێر
کارمەندێکی راهێنراوی "سی ئای ئەی" لە رەگەزی مێینە بە بیانووی ئەوەی کە لەسەر پلیکانەکانی باڵەخانەی دەزگاکە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، پەنای بۆ دەسەڵاتی دادوەری بردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە بەڵام رووبەڕووی ترس و تۆقاندنیش بووەتەوە.
پارێزەری ئەو کارمەندە کچە راهێنراوە رایگەیاندووە، کە بریکارەکەی لە ساڵی 2022 دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر، هەروەها لە ئێستادا سکاڵا لەسەر دەزگاکە تۆمار دەکات چونکە تووشی ترس و تۆقاندن بووە، هەرچەندە لە کارەکەشی دوورخراوەتەوە.
لە نامەیەکی ئەلیکترۆنیدا کە بەدەست لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە گەیشتووە، گوێیان لە گوتەی ئەو کەسانە بوو کە گوایە قوربانی دەستدرێژی سێکسی بوون لە سی ئای ئەی، پارێزەرەکە گوتیشی: دەرکردنی بریکارەکەی بۆ تۆڵەسەندنەوە بووە لەبەرامبەر لێدوانەکانی.
لە بەیاننامەیەکدا، تامی سۆرپ، گوتەبێژی سی ئای ئەی، لێدوانەکەی پارێزەرەکەی بە نادروست وەسف کردووە.
سۆرپ دەڵێت: "بۆ ئەوەی روون بین، سی ئای ئەی بەرگەی نموونەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئازاردانی سێکسی، یان تۆڵەسەندنەوەی زانیاریدەرەکانی ناگرێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کچە روونیکردووەتەوە کە لە بەرنامەی راهێنانکردنی بەهێز کە لەلایەن دەزگاکەوە بۆ ئەفسەرە نهێنییەکان دابینکراوە شکستیهێناوە، ئەمەش هۆکاری دەرکردنی بووە لە دەزگاکە.
دەشڵێت: دوای ئەوە 90 رۆژ مۆڵەتی پێدراوە تا کارێکی دیکە لەناو دەزگاکەدا بدۆزێتەوە، ئەگەرنا کارەکەی کۆتایی پێدەهێنرێت، هەروەها "نەیتوانیوە کارێکی دیکە دەستەبەر بکات و بۆیە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە کارەکەی دوورخرایەوە".
ساڵی رابردوو پشکنەری گشتی سی ئای ئەی دەستی بە پێداچوونەوەیەکی تایبەت کرد، ئەمەش دوای ئەوەی چەند ئافرەتێک بە لیژنەکانی هەواڵگری کۆنگرێسیان گوت: "هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسییان لەگەڵ کراوە".