شێروان دووبەردانی: دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە

K24 – هەولێر:
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، پرسی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پەرلەمان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق بۆیە دواکەوت چونکە جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە دەرەوەی وڵات بوو کەمێک بەر لە ئێستا هاتووەتەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بۆیە پرسی کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمان بۆ ئەم بابەتە موزایەدەی سیاسی هەندێک لایەنە.
شێروان دووبەردانی، ئاماژەی بەوەدا، "لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، ئێمەش وەک فراکسیۆنی پارتی هەوڵوێستمان دەبێت لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر".
ئەمڕۆ شەممە، 10ـی شوباتی 2024، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق کە لە ناوەڕۆکی کارنامەی پەرلەمانی عێراقدا هاتووە، تایبەتە بە گفتوگۆکردن سەبارەت بە دەستدرێژیکردنە سەر سەروەری خاکی عێراق.
گوتیشی: بە فشاری لایەنە شیعەکان بەتایبەتی بەرەی سیاسی لایەنەکانی مقاوەمە بەتایبەت ئەوانەی لەنێو پەرلەمانی عێراقدان، دەیانەوێت پڕۆژەیاسای دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا بێننە ناو پەرلەمان، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان تا ئێستا زیاتر لە 100 واژۆ کۆکراوەتەوە.