ترەمپ هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵی کۆچبەران دەکات
K24 - هەولێر
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، لە ئەگەری دووبارە بوون بە سەرۆک، کۆتایی بە هەموو سیاسەتە سنوورییە کراوەکانی ئیدارەی بایدن دەهێنم و گەورەترین دیپۆرتکردنەوەی نیشتمانی لە مێژووی ئەمەریکادا دەستپێدەکەم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنی دیپۆرتکردنەوەی بەرفراوانی کۆچبەران بکات، ئەگەر دووبارە وەک سەرۆکی ئەمەریکا هەڵبژێردرێتەوە، ئەمەش وای لە کۆنگرێس کرد کە پڕۆژە یاسای کۆچبەران رەتبکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی گردبوونەوەیەکی گشتیدا لە کارۆلاینای باشوور گوتی: "لە رۆژی یەکەمەوە کۆتایی بە هەموو سیاسەتە سنوورییە کراوەکانی ئیدارەی بایدن دەهێنم و گەورەترین دیپۆرتکردنەوەی نیشتمانی لە مێژووی ئەمەریکادا دەستپێدەکەم". گوتیشی، "هیچ بژاردەیەکمان نییە".
ترەمپ هەموو رێگایەکی لەگەڵ ئەندامانی کۆمارییەکانی لە کۆنگرێس بەکارهێنا بۆ بەربەست خستنە سەر دەقەکە، بەمەش جۆ بایدن، کە پێدەچێت لە هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەردا رووبەڕووی ببێتەوە، لە دەرفەتی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە بابەتی کۆچبەری بێبەش کرد .
لەژێر فشاری ترەمپدا پێدەچێت یاسادانەرانی کۆمارییەکان پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان رێگری لە هەر چاکسازییەک لە سیاسەتی کۆچبەریدا بکەن.
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە یەکەمین هەڵمەتە سەرکەوتووەکانیدا بە بەڵێنی دروستکردنی دیوارێک لە نێوان ئەمەریکا و مەکسیکدا، جەماوەری خۆی بنیات ناوە. راشیگەیاند، راگواستنی کۆچبەران یەکێک دەبێت لە ئەرکە ئەولەویەتەکانی.
جگە لە چاکسازی لە سیستەمی کۆچبەریدا، رێککەوتنی هاوکاریی زیادەی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل لە خۆگرتبوو، لە کۆنگرێسدا رێگری لێکرا.