ئەمڕۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکانی کۆتایی پێهێنانی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت

کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
کۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش

K24 – هەولێر

خالید یەعقوبی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی شوباتی 2024)  لە بەغدا گەڕێکی دیکەی دانووستانەکان لەگەڵ واشنتن بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بەڕێوەدچێت.

یەعقوبی لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند؛ سەرەڕای هەموو ململلانێ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بەڵام عێراق سوورە لە سەر درێژەدان بە دانووستانەکانی "دەرکردنی هێزە بیانییەکان"، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە.

بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق و نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنانە بە ئەرکی هێزە بیانییەکان، کۆبوونەوەکە لە کۆبوونەوەکەی پێشوو فراوانترە و دەشڵێ؛ ناکرێت چاوەڕێ بکەین لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەمان لێ بکرێت، بۆیە بۆ کۆتایی هێنان بە بوونی هێزە بیانییەکان، جگە لە دانووستان هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە.

راوێژکارە ئەمنییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ؛ کاتێک شاندی وەزارەتی بەرگری عێراق لە واشنتن بوون، بەرپرسانی ئەمەریکایان لە هەر کردەوەیەکی تاکلایەنە ئاگادارکردووەتەوە، ئەوانیش بەڵێنیانداوە، رەفتارێکی وەها ناکەن بارودۆخەکە خراپتر بکەن و وەک چۆن لە ساڵی 2019 گەمارۆی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دراو ترەمپ داوای پارێزگاری نێردە دیبلۆماسییەکانی کرد و رایگەیاند، نایانەوێت سیناریۆی بەنغازی لیبیا دووبارە بێتەوە، کە باڵیۆزی ئەمەریکای تێدا کوژرا.

هەر لەبارەی دانووستانەکانی عێراق و ئەمەریکا، جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا رایگەیاندبوو، لە بەغدا، لە چوارچێوەی گرووپی كاری لیژنەی باڵای سەربازی دەست بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ سوپای عێراق دەكەنەوەو

 بە ئومێدن لەگەڵ عێراق بەردەوامبن لە گفتوگۆكانیان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بەرەوپێشچوونەی لە ئەركی هاوبەشیان بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش بەدەستیانهێناوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، ئامانجی دانووستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق دیاریکردنی شێوازێکی نوێی ئەرکی داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە لە عێراق، بەڵام یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رەتیکردووەتەوە و رایگەیاندووە، دانووستانەکان بۆ کۆتایهێنانە بە ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە پەرلەمانی عێراق وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە هێرشە درۆنییەکەی ئەمەریکا لە شەوی 7ی ئەم مانگەو کوشتنی دوو سەرکردەی کەتائیبی حزبوڵڵا بە ناوەکانی ئەبو باقر ساعیدی و ئەرکان عەلیاوی کوژراون، کۆبووەوەو داوای لە حکومەتی عێراق کرد، بڕیاری ساڵی 2020ی پەرلەمان جێبەجێ بکات، کە تایبەتە بە کۆتایهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەو بڕیارەش کاتێک دەرچوو، کە بەرەبەیانی (3ی کانوونی دووەمی 2020) فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکی جۆری MQ-9 لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا هەریەک لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی ئەوکاتی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی کردە ئامانج و هەردووکیان کوژران.

Fly Erbil Advertisment