سێ سەربازی ئیماراتی و بەحرەینییەک لە سۆماڵ کوژران
K24 - هەولێر
سێ راوێژکاری سەربازی ئیماراتی و راوێژکارێکی بەحرەینی لە هێرشێکی چەکداریدا لە سۆماڵ کوژران. رێکخراوی "تیرۆرست"ی شەبابیش ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، راوێژکارە سەربازییەکان لە "هێرشێکی تیرۆرستیدا" کوژراون لە کاتی مەشقپێکردن بە سەربازانی سۆماڵی لە بنکەیەکی سەربازیدا.
دوای رووداوەکە، رێکخراوی "تیرۆرست"ی شەباب، کە سەر بە رێکخراوی "تیرۆرست"ـی قاعیدەیە؛ بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. حەسەن شێخ محمد، سەرۆکی سۆماڵیش، لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و سەرەخۆشیی خۆی بۆ ماڵباتی کوژران دەربری.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات، دوو سەربازی دیکەش لەو "هێرشە تیرۆریستییەدا" برینداربوون. وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەی جیددی لەو "رووداوە تیرۆرسستییە" دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیکی سەربازی لە سۆماڵ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشبەرەکە ئەندامێکی سوپای سۆماڵ بووە و بنکەیەکی مەشقکردندا هێرشەکەی ئەنجام داوە لە مۆگادیشۆی پایتەختی وڵاتەکە. دواتر چەکدارەکەش لەلایەن سەربازەکانەوە کوژراوە.
رێکخراوی شەباب بۆ ماوەی 15 ساڵە لە رێگەی هێرشی خۆکوژی و چەکدارییەوە پەلاماری هێزەکانی حکومەتی ناوەندی سۆماڵ و پشتیوانییە دەرەکییەکانی دەدات.