وڵاتانی جیهان هۆشداری دەدەن لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی لە رەفەح

K24 - هەولێر

وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا و رێکخراوە مرۆییەکان هۆشدارییان دا لە کاردانەوەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسی کارەسات رووبەڕووی یەک ملیۆن و 400 هەزار کەسی ئەم ناوچەیەی سەر سنووری میسر دەبێتەوە.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە هاتووە، کە ئاژانسی هەواڵی سعودیە "واس" بڵاویکردووەتەوە، سعوودیە داوای کردووە پیویستە دەستبەجێ شەڕی غەززە رابگیرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە پێشێلکاریی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە دانیشتنێک بکات و رێگری لە ئیسرائیل بکات کە ئەو کارەساتە دروست بکات، هەروەها هەرکەسێک پشتگیری لەو دەستدرێژییەکە بکات بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت".

لەلایەکی دیکەوە، رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی هۆشداری دا کە فراوانکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ رەفەح کارەساتی مرۆیی و کۆمەڵکوژی لێدەکەوێتەوە.

نەبیل ئەبو ردیینە، گوتەبێژی سەرۆکایەتی فەڵەستین، داوای لە ئیدارەی ئەمەریکا کرد ئیسرائیل ناچار بکات ئەو "کۆمەڵکوژییە" دژی گەلی فەڵەستین رابگرێت، هۆشداریشیدا لەوەی کە ئەمە دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات. گوتیشی: هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح و هەوڵدان بۆ ئاوارەبوونی هاووڵاتیانی فەڵەستینی "ئیدارەی ئەمەریکا لە بەرپرسیارێتی بێبەری ناکات".

هەروەها بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هۆشداری دەدەین لە کارەسات و کۆمەڵکوژییەکی جیهانی، ئەگەر شاری رەفەح لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیر بکرێت، ئەوە دەیان هەزار کوژراو و برینداری لێدەکەوێتەوە"، ئیدارەی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانین.

سوفیان ئەلقەزات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، هۆشداری دا لە مەترسی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەح و رایگەیاند، پێویستی هەرچی زووە کۆتایی بە شەڕی کەرتی غەززە بهێنرێت و دەستبەجێ ئاگربەستێک بکرێت کە گەرەنتی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی بکات.

سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر دوێنێ شەممە، هۆشداریدا لە هێرشکردنە سەر رەفەح، پێشبینی دەکات قوربانی مەدەنی زیاتری لێبکەوێتەوە و بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتبار رووبدات، گوتیشی: ئەو بابەتە بەرگەی قوربانی زیاتری مەدەنی و وێرانکاری زیاتر ناگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت نیگەرانی جددی سەبارەت بە پلانەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر شاری رەفەح دەربڕی، لە بەیاننامەیەکدا، هەڵوێستی دەوڵەتی کوەیتی راگەیاند، کە "پراکتیزەی شەڕانگێزی و پلانی ئاوارەیی دژی گەلی فەڵەستین" رەتدەکەنەوە.

جگە لەوەش رێکخراوی مرۆیی نێودەوڵەتی پزیشکانی بێ سنوور هۆشداری لە هێرشە زەمینیەکەی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح داوە و رایگەیاندووە، هیچ شوێنێکی ئەمن لە کەرتی غەززە نییە، ئاماژەی بەوەشکرد، دووبارەبوونەوەی ئاوارەبوونی زۆرەملێ خەڵکی پاڵناوە بۆ رەفەح و بێ بژاردە گەمارۆدراون.

Fly Erbil Advertisment