فڕۆکەیەک لە ئوردن کەوتە خوارەوە

عومەر عەتا عەبادی و محەمەد عەبدوڵڵا ئەلخزەیر
عومەر عەتا عەبادی و محەمەد عەبدوڵڵا ئەلخزەیر

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای ئوردن رایگەیاند، دوو فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی شاهانە لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی لە میانی ئەرکێکی مەشق و راهێناندا لە باکووری ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا.

بەیاننامەیەکی سوپای ئوردن، لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە رایگەیاند، "یەکێک لە فڕۆکەکانی مەشقی هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن لە جۆری (Grop) لە کاتی گەشتێکی مەشقکردندا لە بنکەی ئاسمانی شا حوسێن لە پارێزگای مەفرەق کەوتە خوارەوە".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەوە هەردوو فڕۆکەوانی سەرەکی عومەر عەتا عەبادی و محەمەد عەبدوڵڵا ئەلخزەیر، دوای ئەوەی گواستراونەتەوە بۆ شاری پزیشکی حوسێن لە عەممان گیانیان لەدەستدا.

لە 5ی حوزەیرانی 2022 فڕۆکەیەکی هەمان جۆر لەکاتی ئەرکێکی مەشقکردندا لە شاری رەمسا لە پارێزگای ئیربەد لە باکووری ئوردن، کەوتە خوارەوە و هەردوو فڕۆکەوان گیانیان لەدەستدا.

دوایین کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی ئوردنی دەگەڕێتەوە بۆ 19ـی حوزەیرانی 2023، کاتێک کۆپتەرێکی جۆری "کوبرا" لە کاتی ئەرکێکی مەشقکردندا کەوتە خوارەوە و دوو فڕۆکەوانەکەی لە ناوچەی بەقاعە لە رۆژئاوای عەممان بریندار بوون.