وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی 9 هەلی کار رادەگەیەنێت

هەلی کار
هەلی کار

K24 - هەولێر

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی نۆ هەلی دامەزراندن بە شێوەی گرێبەست وەک مامۆستا لە سەنتەری دهۆک رادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11-02-2024، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی نۆ هەلی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست وەك مامۆستا ڕادەگەیەنێت".

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەو نۆ هەلی کارە، بۆ پەیمانگای (هیوای نابیستان و ڕووناهی نابینایان)ـن لە پارێزگای دهۆك.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی دەڵێت، پێویستە خوازیاری فۆڕم دانیشتووی ناوەندی قەزای دهۆك بێت و مەرجە بڕوانامەی (بەكالۆریۆس)ی بۆ پسپۆڕیەكانی (زانست، میوزیك، بیرکاری، ئینگلیزی، تەكنەلۆجیای زانیاری، هونەر، عەرەبی، كوردی) هەبێت.

مەرجەکان:

* داواکاری فۆڕم نابێت لە كەرتی گشتی دامەزرابێت.

* كار تەنها بە فۆرمی ڕەسەنی پەسەندكراو دەكرێت.

* داواکاری فۆڕم پێویستە تەمەنی لە نێوان (24 بۆ 35) ساڵ بێت.

* ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتییان دوو ڕۆژ پێش دابەشكردنی فۆڕم دەبێت.

* دابەشكردنی فۆڕم بۆ ماوەی یەك ڕۆژ دەبێت.

* ⁠داواکاری فۆڕم پێویستە کۆپی بڕوانامە و کارتی زانیاری و تەسکەرە یان کارتی نیشتمانی پێ بێت.

شوێنی دابەشکردنی فۆڕم لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کەمئەندامانی دهۆک دەبێت. ماوی پڕکردنەوەی فۆڕم لە کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی تاوەکو کاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆ دەبێت و لە رۆژی سێشەممە 13-02-2024 دەستپێدەکات.

وەزارەتەکە دەڵێت، وەرگرتنەوەی فۆڕم یان داوای داواکار بۆ گەڕاندنەوەی فۆڕم ڕۆژی سێشەممە، 20-02-2024،  لەهەمان شوێن، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری کەمئەندامانی دهۆک دەبێت. 

Fly Erbil Advertisment