سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئه‌ڵمانیا: پێویسته‌ بۆ جه‌نگ ئاماده‌ بین

K24 – هەولێر:

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئه‌ڵمانیا رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ قۆناغ خۆی بۆ جه‌نگ ئاماده‌بكات.

كارستن په‌روێر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئه‌ركانی سوپای ئه‌ڵمانیا به‌ رۆژنامه‌ی فیڵت ئێم زوتناگی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاند، ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی بۆ جه‌نگ به‌ قۆناغ ده‌بێت.

هه‌روه‌ها گوتیشی، پێویسته‌ تاكو پێنج ساڵی داهاتوو ئه‌ڵمانیا بۆ‌ جه‌نگ ئاماده‌ بێت.

باسی له‌وه‌شكرد، كاتی ئه‌وه‌مان له‌به‌رده‌ست نه‌ماوه‌، تا هه‌تایی چاوه‌ڕێی بكه‌ین، بۆیه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌وه‌ته‌ی كۆتایی جه‌نگی سارد، جه‌نگێك له‌ ده‌ره‌وه،‌ خۆی به‌سه‌رماندا بسه‌پێنێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌ڵمانییه‌ ده‌شڵێت، هه‌ست به‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی له‌لایه‌ن رووسیاوه‌ ده‌كه‌ین، بۆیه‌ له‌سه‌رمان پێویسته‌ ماوه‌ی پێنج تاكو هه‌شت ساڵ له‌ ئاماده‌باشیدابین.

روونیشیكرده‌وه‌، ئێمه‌ سه‌یری ره‌فتاره‌كانی پوتن ده‌كه‌ین، ده‌بینین رووسیا‌ بۆ ئابووریی جه‌نگ گۆڕاوه‌، بۆیه‌ مه‌ترسییه‌كان رۆژ له‌ دوای رۆژ له‌ زیادبووندان.

له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئۆكرانیا، ئه‌ڵمانیا له‌ رێگه‌ی سندووقێكه‌وه‌ به‌ به‌های 100 ملیار یۆرۆ پشتگیری له‌ به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری و كڕینی چه‌كی پێشكه‌وتوو ده‌كات، جیا له‌ نوێكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان.

پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، رایگه‌یاندبوو، هاوشێوه‌ی به‌هێزبوون و سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ناپلیۆن و هیتله‌ردا، رووسیا به‌هۆی جه‌نگی ئۆكرانیاوه‌ زیاتر به‌هێز بووه‌.

له‌ 24ـی شوباتی 2022، به‌ فه‌رمانی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیا هێرشكرایه‌سه‌ر خاكی ئۆكرانیا و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ سه‌ربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنه‌ها ئۆكرانیش ئاواره‌ی وڵاتانی ئه‌وروپی بوون، تا ئێستاش ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌.